zagros news agency

ڕێوڕەسمێك لە ساڵیادی کۆچی دوایی شێوەکار قەرەنی جەمیل بەڕێوەچوو

لە هۆڵی پێشەوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و هاوڕێیانی و خانەوادەی هونەرمەند، رێوڕەسمێک لە ساڵیادی کۆچی دوایی شێوەکاری ناسراوی کورد قەرەنی جەمیل بەڕێوەچوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شێوەكاری و كاری دەستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، سازکرابوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەناوی پاڕێزگاری هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتییەکەی، وتەیەكی پێشكەش كرد، تێیدا تیشكی خستە سەر رۆڵ و پێگەی ئەو هونەرمەندە بەتوانایە لە ئاستی كوردستان و جیهاندا و كار و بەخششی بەردەوام بۆ ناساندن و پیشاندانی هونەری گەلەكەی و بەنێودەوڵەتیكردنی، هەروەها ئەم هونەرمەندەی وەك قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی دەیان رۆڵەی گەلەكەمان وەسف كرد، كە لەداهاتوودا هەریەك لەوان دەكرێ ببن بە قەرەنییەكی دیكەی داهێنەر.

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی گرنگی هونەرمەند لە دەوڵەمەندکردنی بزووتنەوەی شێوەکاریی کوردی و جیهانی و ئەوەی روون كردەوە كە قەرەنی جەمیل قوتابخانەیەکی هونەریی سەربەخۆ بوو، توانیی ناسنامەی ڕەسەنی کوردی تێکەڵ بە مۆدێرنیزم و تەکنیکە جیهانییەکان بكات و لەو ڕێگەیەشەوە دۆزی ڕەوای گەلی کورد و جوانییەکانی سروشت و فۆلکلۆری کوردستان بە زمانی ڕەنگەکان بە جیهان بناسێنێت.

هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا چەند وتار و باسێكی دیكە سەبارەت بەو هونەرمەندە بەتوانایەی كورد خوێنرانەوە و هەموویان جەختیان لەوە كردەوە، كە كوردستان هونەرمەندێكی پێشەنگی جیهانیی لەدەست دا، كە دەكرا لە رێی هونەرەكەیەوە زیاتر خزمەت بە دۆزی رەوای گەلەكەمان بكات.

قەرەنی جەمیل لە 1954 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، لە ساڵی 1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو كردووە، لە ساڵی 1984 کۆرسی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا تەواو كردووە، دوای چەندین ساڵ کارکردن لە بواری هونەری لە ئیتاڵیا (فلۆرانس) و ئیسپانیا (بەرشلۆنە)، لە 2003 بەیەکجاری گەڕایەوە هەولێر و بەشداریی زیاتر لە 30 بۆ 40 پێشانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە، لەوانە لە برۆکسل، کۆپنهاگن، ڤالێنسیا و پۆڵۆنیا و لە ڕۆژی 3ـی حوزەیرانی 2025 بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و هەر لە هەولێریش بەخاك سپێردرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “Godzilla X Kong” لە سینەماکاندا

ART

مۆریس چێستنەت یادی مالکۆڵم جەمال وۆرنەر دەکاتەوە

ART

تایلەر سویفت دەنگ بە کامالا هاریس دەدات

ART