zagros news agency

لە هەولێر بەڵگەفیلمی “ئەی ڕەقیب” نمایشکرا

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ـی ٦ـی ٢٠٢٦ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوەرسمێکی شایستەدا و لە یادی شەهیدبوونی شێخ حوسێن بەرزنجی، بەڵگەفیلمی “ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان”ـی لە شاری هەولێر نمایش کرد.

ڕێورەسمەکە بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، خانەوادەی شەهید، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکان بەڕێوەچوو.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر: گرنگیی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە کارە دۆکیۆمێنتارییانە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی مێژوو و پاراستنی بیرەوەریی نیشتیمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەروەها بە وردی تیشکی خستە سەر گرنگی و پێویستیی بەدۆکیۆمێنتکردنی هێما نیشتمانی و کولتوورییەکانی کوردستان.

ئاماژەی بەوە دا کە پاراستنی ئەم هێما و سەروەرییانە لە ڕێگەی کاری هونەری و بەڵگەفیلمەوە، ئەرکێکی نیشتمانی و مێژووییە بۆ هێشتنەوەی ناسنامە و خەباتی پڕ لە قوربانیدانی گەلەکەمان، بە مەبەستی ئاشناکردن و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وێڕای بەرز نرخاندنی کارەکە، سوپاس و دەستخۆشییەکی گەرمی ئاراستەی دەرهێنەری فیلمەکە و تەواوی ستافی بەرهەمهێنان کرد، کە بە ماندووبوون و دڵسۆزییەکی زۆرەوە هەوڵیان بۆ بەرهەمهێنانی ئەم شاکارە داوە و خزمەتێکی بەرچاویان بەم مێژووە گرنگە کردووە.

دواتر د.نیاز لەتیف دەرهێنەری بەڵگە فیلمی “ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان” وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێورەسمە و ڕێزگرتن لە مێژووی پڕ شکۆی شێخ حوسێن بەرزنجی هاوکات تیشکی خستە قۆناغ و وێستگەکانی دەرهێنانی بەڵگە فیلمەکە، هەروەها بایەخ و گرنگییەکانی ڕێزگرتن لە خانەوادە و مێژووی کەڵە هونەرمەندانی وەکو سەرمایەکی نیشتمانی مەزن خستەڕوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێورەسمەکەدا، بەڵگەفیلمی “ئەی ڕەقیب، سروودی بەرخودان و ژیان” بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.

ئەم بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییە، کە بیرۆکەی محەممەد ساڵح بەرزنجیـە و لە دەرهێنانی د. نیاز لەتیفـە، بە شێوەیەکی ورد و هونەریانە تیشک دەخاتە سەر مێژووی پڕ لە شانازیی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ئەو گیانی بەرگری و خۆڕاگرییەی کە ئەم سروودە لە قۆناغە سەختەکاندا لە ناخ و دڵی کوردستانیان دروستی کردووە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە خانەوادەی ئاوازدانەری سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب”، شەهید شێخ حوسێن بەرزنجی کرا، کە لەلایەن یەحیا بەرزنجییەوە وەرگیرا.

هەروەها، لە پای ئەو هەوڵە هونەرییە و وەک پێزانینێک بۆ کارەکەیان، سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن پێشکەش بە خاوەنی بیرۆکەی بەڵگەفیلمەکە، بەڕێز محەممەد ساڵح بەرزنجی و دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، د. نیاز لەتیف کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، شێخ فەرەیدوون بەرزنجی بە نوێنەرایەتی خانەوادەی شەهید شێخ حوسێن بەرزنجی بە چەند پەیڤێک دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد و هەروەها گوڵی ڕێز و سوپاسی پێشکەش بە د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە سلێمانی یادی هونەرمەند و پێشمەرگە حەمە جەزا کرایەوە

ART

داهاتی “Bob Marley: One Love” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

لە هەولێر پێشانگەی “رەنگ، ژن و کۆمەڵگا” کرایەوە

ART