zagros news agency

عێراق هەڕەشەی کشانەوە لە ئۆپێک دەکات ئەگەر پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ زیاد نەکرێت

 

سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، عێراق تاوتوێی بژاردەی کشانەوە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) دەکات، ئەگەر ڕێکخراوەکە ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنێکی بەرچاوی پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە نیشان نەدات.

ئەم هەڕەشەیەی عێراق لە کاتێکدایە کە ئابووری وڵاتەکە بەهۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە (بەهۆی جەنگی ئێران) تووشی فشارێکی زۆر بووە. کشانەوەی عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ناو ئۆپێکە و یەکێکە لە پێنج وڵاتە دامەزرێنەرەکەی، گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ ڕێکخراوەکە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ئیماراتیش لە ڕێکخراوەکە کشایەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: “حکومەت بەدەست قەیرانێکی دارایی سەختەوە دەناڵێنێت کە دەرەنجامی جەنگ و پەککەوتنی هەناردەکردنە، بۆیە پێویستە داواکاریی عێراق بۆ زیادکردنی پشکەکەی بە هەند وەربگیرێت.”

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق هێشتا لەناو ئۆپێکدا ماوەتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گفتوگۆوە پشکەکەی زیاد بکات، بەڵام جەختی کردەوە: “ئەگەر سعودیە و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئۆپێک ئەم بابەتە بە هەند وەرنەگرن، عێراق ناچار دەبێت پەنا بۆ هەموو بژاردەکان ببات.” کاتێکیش لێی پرسرا ئایا کشانەوە یەکێکە لە بژاردەکان، وتی: “هێشتا زووە بۆ ئەو هەنگاوە، بەڵام تاوتوێ کراوە.”

لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕەتیکردەوە کە کشانەوە لە ئۆپێک هەڵوێستی فەرمی حکومەت بێت، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 73 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی کار بۆ گەڕاندنەوەی توانای تەواوی هەناردەکردن دەکات و ئامانجیەتی لە ساڵانی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، کە لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە دەستبەکار بووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بنیاتنانەوەی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە کارە لەپێشینەکانیەتی، بۆیە داوای کردووە پشکی عێراق لە ئۆپێک هاوتای توانای بەرهەمهێنان و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بێت.

عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا تەنها 1.48 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەیە لەچاو مانگی شوبات کە ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 4.2 ملیۆن بەرمیل بوو، هۆکارەکەشی بۆ داخرانی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

 

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

بی وای دی ئۆتۆمبێلێکی ناوازە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پەکین دەخاتەڕوو

ART

كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێک ئاراستەی کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى به‌ريتانيا، دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

یاسین