باسم محەممەد خەزیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند کە عێراق هەوڵ دەدات هاوبەشیی گەورە و ڕاستەقینە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهاندا بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێڵە نوێیەکانی گواستنەوەی نەوت، دوو دەروازەی گرنگی تر بۆ نەرمی نواندنی پڕۆسەی هەناردەکردن دابین دەکەن.
عەبادی ڕایگەیاند: “عێراق دەیەوێت هاوبەشیی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا پێکبهێنێت، بۆیە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێگەیەکی تایبەت و باڵایان لەم پرۆسەیەدا هەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن و دیدار لەگەڵ سەرۆک ترامپ، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی لەسەر ئەم بابەتانە لەخۆگرتبوو.
وەزیری نەوت دووپاتی کردەوە کە لێکتێگەیشتن و هاوڕاییەکی تەواو لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدیدا هەیە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ ناو عێراق.
عەبادی ئاماژەی بەوە کرد: “پێش جەنگ، ئێمە ستراتیژیی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتمان هەبوو. نەدەبوو وڵاتێکی وەک عێراق کە خاوەنی یەدەگێکی هێندە زەبەلاحی نەوت و گازە، تەنیا پشت بە یەک دەروازە ببەستێت کە ئەویش تەنگی هورمزە، بەڵام کێشە دارایی و ئابوورییەکان ڕێگر بوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆرییەکان.”
عەبادی ئاشکرای کرد کە ئێستا هاوپەیمانییەک لە نێوان دوو کۆمپانیای ئەمریکی کە بریتین لە (TI Capital) و کۆمپانیای (Chevron)، لەگەڵ کۆمپانیای (UCC)ی قەتەری پێکهاتووە، هاوکات کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی عێراقیش بەشدار دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمێکی گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ فیشخابوور کە لەوێوە دەبەسترێتەوە بە بەندەری جەیهانەوە، لەگەڵ لقێکی تر لە حەدیسەوە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا.
وەزیری نەوت جەختی کردەوە کە ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، لە پاڵ تەنگی هورمزدا، دوو سیی بەهێزی تر بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق دابین دەکات کە بریتین لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا و بەندەری بانیاسی سووریا.
هەواڵی داهاتوو

