داتاکانی دەستەی ناوەندیی ئاماری عێراق دەریدەخەن، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە عێراق لە تشرینی یەکەمی رابردوودا بۆ 6.2%ـی بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی مانگانەش بە رێژەی 2.1% تۆمارکراوە. ئەم بەرزبوونەوەیە دەرهاویشتەی گۆڕانکاریی نرخی دۆلار و جیاوازیی رێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکانە لەنێوان ناوچەکان و کەرتە جیاوازەکانی کاڵاکاندا، کە سەوزە و گۆشت لە پێشەنگی ئەو ماددانەن زۆرترین بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی پێوانەییی گشتیی نرخی بەکاربەر لە تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە 114.0 خاڵ، بەراورد بە 111.7 خاڵ لە ئەیلوولی رابردوودا، کە بەمەش بەرزبوونەوەیەکی مانگانە بە رێژەی 2.1% تۆمارکراوە. هەروەها بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2025، کە تێیدا 107.3 خاڵ بووە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە 6.2% بووە.
لە ئاستی ناوچەکاندا، پارێزگاکانی ناوەڕاست بەرزترین رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەیان بە 7.1% تۆمارکردووە، دوای ئەویش پارێزگاکانی باشوور بە 6.5% دێن، لەکاتێکدا ئەو رێژەیە لە هەرێمی کوردستان 5% بووە.
سەبارەت بە کەرتە جیاوازەکانی کاڵاکان، داتاکانی دامەزراوەی عێراقی داهاتوو بۆ راوێژکاری و لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان نیشانی دەدەن، سەوزە بە رێژەی 17% لە پێشەنگی بەرزبوونەوەکاندا بووە، دوای ئەویش گۆشت بە 13%، پاشان شیرەمەنی و پەنیر بە 12.6% دێن.
منار عەبیدی، سەرۆکی دامەزراوەکە و شارەزای ئابووری گوتی: “زۆرێک لەو کاڵایانەی بەرزبوونەوەیەکی گەورەیان لە نرخدا بەخۆیانەوە بینیوە، هیچ کێشەیەکیان لە حەواڵەکان بە نرخی فەرمی یان لە تێچووی گومرگیدا نییە، بەتایبەتیش ماددە خۆراکییەکان”.
عەبیدی روونیکردەوە، بەشێکی گەورەی ئەو کاڵایانە لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێن و هاوردە ناکرێن. ئەم دۆخەش گومانەکانی لەبارەی رادەی پەیوەندیی راستەوخۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە گۆڕانی نرخی دۆلارەوە زیاترکردووە.
عەبیدی هۆشدارییدا، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لەگەڵ زیادبوونی رێژەی بێکاری، پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو ئاماژەیە. ئەو شارەزایە جەختیکردەوە، بەردەوامبوونی هەڵکشانیان لەوانەیە دەرهاویشتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لێبکەوێتەوە کە چارەسەرکردنیان ئەستەم بێت.
رێژەی هەڵاوسانی مانگانە لە ئەیلوولی 2026 بە رێژەی 0.7% تۆمارکرابوو، لەکاتێکدا هەڵاوسانی ساڵانە 3.8% بوو. ئەم ئامارانە دەریدەخەن خێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە تشرینی یەکەمی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە.

