ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە. ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا .

هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

. ٢٠ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگه‌یندراوێك له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق دەکات

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر دەکات

سەڵاح