سەعید تەوەکولی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گازی ئێران، رایگەیاند کە هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ هیچ سنووردارکردنێک بەردەوامە، چ بۆ پیشەسازی بێت یان بۆ وێستگەكانی کارەبا.
تەوەکولی، لە پەراوێزی چالاکیی “گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە پیشەسازیی گازی ئێرانیدا”، گوتی: ئێستا گاز بۆ پیشەسازی، وێستگەكانی کارەبا و ماڵان (لە ئێران) بەبێ هیچ سنووردارکردنێک دابین دەکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە گرێبەستەکانی دابینکردنی گاز بۆ پیشەسازییەکان بەپێی پێداویستیی بەکارهێنان و بۆ ماوەیەک لە نێوان ٤ بۆ ٨ مانگ رێکخراون.
زیاتر گوتی: بڕی گازی لێدراو بۆ ناو تۆڕەکە لە چاو ساڵی رابردوو زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. سەرجەم کارە سەرەکییەکانی چاککردنەوە لە کاتی خۆیدا تەواو کراون، هەروەها کۆگاکانی گاز %١٦ زیادبوونیان تۆمارکردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، ئەمەش وایکردووە دۆخی باش بێت.
تەوەکولی ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگیی تەواو لە نێوان سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەتدا کرد و روونی کردەوە کە وەزارەتی نەوت لیژنەیەکی هاوبەشی بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ پێکهێناوە بۆ دابینکردنی گازی جێگیر لە وەرزی زستاندا، هەروەها گوتی کە کەشوهەوای هاوکاری لە نێوان دەزگا جێبەجێکارەکان زۆر ئەرێنییە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بڕی گازی رادەستکراو بە وێستگەكانی کارەبا لە ئێستادا لەو پابەندبوونە دیاریکراوانە تێپەڕیوە و تۆڕی نیشتمانیی گاز لە دۆخێکی جێگیر و سەلامەتدا کار دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەناردەی گاز، تەوەکولی روونی کردەوە کە گفتوگۆکان لە نێوان ئێران و رووسیا، هەروەها لە نێوان ئێران و تورکیا، هێشتا بەردەوامن و زیادی کرد: هەناردەی گاز بۆ عێراق بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و هیچ کات رانەوەستاوە.

