ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکایی لە بازاڕی ئازادی ئێراندا گەیشتە ١١٦ هەزار و ٨٠٠ تمەن. لەو ماڵپەڕانەی کە بە شێوەی نافەرمی نرخی دراوە بیانییەکان لە بازاڕی ئێراندا تۆمار دەکەن، نرخی هەر یۆرۆیەک بە ١٣٥ هەزار و ٤٥٠ تمەن دیاری کرا. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، کاردانەوەی ڕاستەوخۆی بە سەر بازاڕی زێڕدا هەبوو.
ئابووریی ئێران بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو و تا ساڵی ٢٠٢٥، بە گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆردا تێدەپەڕێت، کە هۆکارەکەی بۆ گەلێک فاکتەری نێوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێتەوە. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا دیاردەیەکی نوێ نییە و بە بەردەوامی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر بەهای تمەنی ئێرانی و بازاڕی زێڕ دادەنێت. لێژنە و شارەزایانی ئابووری دەڵێن گرانبوون و داڕماندنی نرخی تمەن، بە هۆی چەندین هۆکارەوەیە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بریتییە لە قەیرانی ئابووریی نێوخۆیی، کە بە هۆی کەمیی داهاتی نەوتی، قەرزی زۆری حکوومەت لە بانکی ناوەندی و زیادکردنی پارەی بێ پشتێنەییەوە دروست دەبێت. سەرەڕای ئەمەش، بەردەوامیی گەمارۆکانی سەر ئێران و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمەکانی دارایی جیهانی، نرخی دراوە بیانییەکانی بەرز ڕاگرتووە.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، ئاستی هەڵاوسان لە ئێراندا زۆر بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتە نزیکەی ٤٩٪. ئەمەش وای کردووە خەڵکی ئێران، بۆ پاراستنی بەهای سامانەکەیان، ڕوو لە کڕینی زێڕ و دراوە بیانییەکان بکەن، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا خواست لەسەر دۆلار و زێڕ زیاتر دەکات.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند: “بازاڕی زێڕی تاران ئەمڕۆ (ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥)، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی نافەرمیدا، ڕۆژێکی پڕ لە گۆڕانکاریی بە سەردا هات”. ڕۆژی یەکشەممە، هەر سکەیەکی تەواو بە زیاتر لە دوو ملیۆن تمەن گران بوو و بە ١٢٢ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەن فرۆشرا و لە هەندێک کاتدا نرخەکەی ١٢٣ ملیۆن تمەنی تێپەڕاند. سکەی تەواوی نەخشەکۆنیش، بە زیاتر لە سێ ملیۆن تمەن بەرز بووەوە و بە ١١٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن خستراوەتە ڕوو. ئەم ناجێگیرییە لە بازاڕی زێڕدا بە شێوەیەکی گشتی هێمایەکە بۆ لە دەستدانی متمانەی خەڵکی بە ئابووریی وڵات. پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە چەندین بۆنەدا دانی نا بەوەی کە حکوومەت هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسانە و بەڵێنی دابوو کار بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەکات.

