zagros news agency

وەزارەتی بازرگانی بڕی گەنمی وەرگیراو ئاشکرا دەکات

کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ وردەکاریی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم و پێشبینییەکانی کۆی بەرهەمهێنانی ئەمساڵ و بڕی گەنمی وەرگیراوی تاوەکو ئێستا ئاشکرا کرد، هاوکات فراوانکردنی توانای کۆگاکانی بە بڕی ١.٦ ملیۆن تۆن ڕاگەیاند.

حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، ڕایگەیاند: “بڕی ئەو گەنمەی تاوەکو ئێستا وەرگیراوە گەیشتووەتە نزیکەی ٤٨ هەزار تۆن، کە لە هەشت پارێزگای باشوور وەرگیراون و ئەمڕۆش پارێزگای بابل پەیوەندی پێوە کردوون و بوونەتە نۆ پارێزگا”. ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگای موسەنا بە وەرگرتنی ٣٦ هەزار تۆن لە پێشەنگدایە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ناوچە بیابانییەکان و دەسپێکردنی دروێنەی پێشوەختە، لە کاتێکدا بڕی وەرگیراو لە پارێزگاکانی تر لە نێوان ٧٠٠ بۆ ٣٠٠٠ تۆندایە و پڕۆسەی دروێنە بەردەوامە.

نووری وتیشی: “ئەو پلانەی ئێستا پەسەند کراوە، چاندنی ٣ ملیۆن و نیو دۆنم بە سیستەمی ئاودێری ڕشاندن و یەک ملیۆن دۆنم بە ئاودێری سیحی (سروشتی) دەگرێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت ٤.٢ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆن بەرهەم بهێنێت، کە ٣٠٠ هەزار تۆنیان گەنمی هەرێمی کوردستانە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی گەنم لەو جووتیارانەی لە دەرەوەی پلانەکەشن، ڕەنگە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ٥ ملیۆن تۆن یان زیاتر بەرز بکاتەوە، هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو.

سەبارەت بە توانای کۆگاکردن جەختی کردەوە: “ئەمساڵ توانای نوێی کۆگاکردنمان بە بڕی ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار تۆن زیاد کردووە بۆ ئەوەی دڵنیابین لە جێکردنەوەی هەر بڕێک کە بگاتە ٥ ملیۆن تۆن”. ڕوونیشی کردەوە کە ئامادەکارییەکان لە پارێزگاکان تەواو بوون، بۆ نموونە کۆگای موسەنا توانای ٢٠٠ هەزار تۆن و سایلۆی کەربەلا ١٧٠ هەزار تۆنی هەیە، جگە لە دروستکردنی چەندین “بەنکەر” (کۆگای کاتی) لە نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین و کەرکوک کە توانای کۆگاکردنی گەورەیان هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خولە بەهێزەکان.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە

یاسین

کۆمپانیای ئەپل وەشانی iOS 26.3 بەردەستکرد

یاسین

هاتوچۆی عێراق: لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی تۆمارکردنی سەرپێچییەکان و وەرگرتنی غەرامەکان رێککەوتووین

یاسین