وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە،10-5-2026، ڕایگەیاند، کە ساڵانە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دانە هێلکە لە پێویستی ناوخۆ زیادەیە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
مەهدی سەهر جبووری، بریکاری کارگێڕی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، کۆی بەرهەمی ساڵانەی هێلکە گەیشتووەتە 13 ملیار و 215 ملیۆن دانە.
گوتیشی، پێویستی ناوخۆیی عێراق تەنها 12 ملیار دانەیە.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوایەکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی گومرگ لەسەر پێداویستییەکانی پەلەوەر و ئاژەڵداری، ئامانج لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانە، چونکە زۆربەی ئالیک لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و گرانبوونی ئالیک و گرژییەکانی ناوچەکە وەک داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییان لەسەر نرخ هەبووە.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا، جبووری ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد،
لەوانە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمنیی نیشتمانی و ئاسایشی ئابووری، چاودێری وردی بازاڕەکان دەکرێت بۆ ڕێگری لە گرانفرۆشی.
هەروەها خاوەن پڕۆژە گەورەکان پابەند کراون بە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بە هاووڵاتییان.
هەروەها وەزارەت بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگەی بە هاوردەکردنی هێلکە داوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بگرێت.

