ئەو كەشتییەی كە ڤایرۆسی (هانتا)ی تێدا بڵاو بووەتەوە، گەیشتە كەنارەكانی ئیسپانیا و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوودا سەرجەم سەرنشینەكان بهێندرێنە دەرەوە، لە كاتێكدا هەموویان بە بەركەوتووی مەترسیدار دادەندرێن.
بە گوێرەی راپۆرتێكی سەنتەری ئەورووپی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان، كەشتییەكە لە کەناری دوورگەی تێنریفی ئیسپانیا لەنگەری گرتووە، چاوەڕوان دەكرێت لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا سەرنشینەكانی بهێندرێنە دەرەوە و سەرجەمیشیان بە بەرکەوتووی مەترسیدار دادەندرێن، ئەمەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی.
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ هەمان سەنتەر ئەوەی خستبووە ڕوو كە ئەو سەرنشینانەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لێ دەرناکەوێت، دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گواستنەوەی تایبەتەوە کە بۆ ئەم مەبەستە ڕێکخرابوو، خۆیان کەرەنتینە بکەن، نەک لە ڕێگەی گەشتە بازرگانییە ئاساییەکانەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تا ئێستا هەشت کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و نیشانەكانیان دەركەوتووە، سێ كەسیان گیانیان لەدەست داوە كە ژن و مێردێکی هۆڵەندی و هاوڵاتییەکی ئەڵمانین، دوو كەسی دیكەش گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت تووشی نەخۆشییەكە بووبن.
كەشتیی (MV Hondius) كە كەشتییەكی گەڕانی هۆڵەندییە و تایبەتمەندە بە گەشتكردن بۆ ناوچە جەمسەرییەكان و گەڕان و دۆزینەوە، ئەم گەشتەی ئەمجارەی لە ١ی ٤ی ٢٠٢٦ لە باشووری ئەرجەنتین دەست پێكردووە، بە نیازبوون بچنە ناوچەكانی نزیك كیشوەری بەستەڵەكی باشوور و بە دورگە پەڕاگەندەكانی باشووری زەریای ئەتڵەسیدا تێپەڕ ببن و دواتر بەرەو ئەفریقیا و ئاسیا هەڵبكشێن، بەڵام لە میانی گەشتەكەیدا تووشی هەندێك حاڵەتی نەخۆشیی مەترسیدار بوو لە نێو گەشتیارەكانیدا كە بریتی بوو لە (تا، كێشەی دەرووی و هەوكردنی توندی سییەكان)، پاشان دەركەوت كە كەسانێك تووشبووی ڤایرۆسی هانتان كە جۆرێكی دەگمەنی ڤایرۆسە و هەندێكجار لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە. كەشتییەكە بە چەندان شوێندا تێپەڕی، دواتر بەرەو دورگەی (تێنیریفی) لە دورگە كەنارییەكانی ئیسپانیا بەڕێ كەوت و ئەمڕۆ گەیشتە دورگەكە.
یەكێك لەو مەترسییانەی كە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لەسەر ئەم كەشتییە هەیە، ئەوەیە كە بەشێك لە سەرنشینان پێش ئەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە ئاشكرا ببێت، كەشتییەكەیان بەجێهێشتووە.

