ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئەو بەرزبوونەوە کاتییەی دوێنێی جێهێشت و دووبارە ڕووی لە دابەزین کردەوە.
بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 97.41 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (99.15 دۆلار) بە بڕی 1.74 دۆلار دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە پاشەکشە کرد و گەیشتە 91.34 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (92.65 دۆلار) دابەزینێکی 1.31 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەزینی نرخەکان نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا لە نێوان ترس و ئومێدی پێشهاتە سیاسییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا دێن و دەچن. سەرەڕای ئەو گرژییە کاتییانەی کە جارجارە سەرهەڵدەدەنەوە، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکەن بۆ دۆخی گەرووی هورمز و سەقامگیربوونی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا.

