zagros news agency

پووتن کێشەی کەمیی سووتەمەنیی لە ڕووسیا پشتڕاست کردەوە

دوای هێرشەکانی ئۆکراینا، بەنزین و گازوایل لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕووسیا کەم بوونەتەوە. ڤلادیمیر پووتن و میدیا دەوڵەتییەکانی ڕووسیا ماوەیەکی زۆر لەسەر ئەم تەنگژەیە بێدەنگ بوون، بەڵام ئێستا سەرۆکی کرێملین کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆخە ڕێک خست.
ڤلادیمیر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا، چەندین هەفتە هیچ لێدوانێکی لەبارەی ڕەهەندەکانی تەنگژەی سووتەمەنی لە وڵاتەکەیدا نەدابوو. بەڵام ئێستا وادیارە دۆخەکە گەیشتبێتە ئاستێکی خراپ، چونکە پووتن کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی کێشەکانی دابینکردنی سووتەمەنی ئەنجام دا. بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتیی تاس، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی چەندین وەزارەت و گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی ڕووسیا ئامادە بوون.
ئۆکراینا لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین جار دامەزراوە نەوتییەکانی ڕووسیای کردووەتە ئامانج؛ هێرشگەلێک ئێستا کاریگەریی قووڵیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ڕووسیا دروست کردووە. تەنگژەی سووتەمەنی نزیکەی تەواوی ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. ئەم کێشەیە لە نیمچە دوورگەی کریمەوە دەستی پێ کرد، ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤دا خستیە سەر خاکی خۆی.
پووتن گوتی دەبێت لە پلەی یەکەمدا لێکەوتەکانی هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکان و دامەزراوەکانی دیکەی پیشەسازیی نەوت کەم بکرێنەوە. ناوبراو لە هەمان کاتدا ئۆکراینای وەک دەستدرێژیکار وەسف کرد. ئاژانسی تاس لە زمان سەرۆکی ڕووسیاوە نووسیویەتی: «دەبێت شوێنەوارەکانی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر دامەزراوە سڤیلەکان و ژێرخانەکانمان کەم بکەینەوە.»
بەهۆی توندبوونی هێرشەکان، پووتن پشتڕاستی کردەوە حکوومەت تاوتوێی قەدەغەکردنی هەناردەی گازوایل دەکات. بە گوتەی پووتن، ڕووسیا ئێستا دەستی بە بەکارهێنانی یەدەگی بەنزینی خۆی کردووە. لەو بەنزینخانانەی هێشتا سووتەمەنییان تێدایە، ڕیزێکی درێژ دروست بووە. سەرۆکی ڕووسیا بەڵێنی دا ئەم ئەرکە قورسانە بە شێوەیەکی ڕوون و خێرا و پیشەییانە لە بەرژەوەندیی وڵات و هاووڵاتییاندا چارەسەر بکرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بریتنی سپێرز چارەسەری دەروونی وەردەگرێت

ART

بۆ یەکەم جار تەندروستی عێراق مۆڵەت بە کۆمپانیایەکی ئەوروپی دەدات دەرمانی شێرپەنجەی مەمک دروست بکات

سەڵاح

عێراق پێنج حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوونی تۆمار کرد

سەڵاح