بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاودێریکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان «تانکر تراکرز»، لە ڕۆژی چوارشەممەدا چەند کەشتیێکی نەوتی گەورەی ئێران توانییان ناوچەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە دەوروبەری بەندەرەکانی ئێران ببڕن و بارە نەوتییەکانیان بگوازنەوە.
ماڵپەڕەکە لەسەر تۆڕی «ئێکس» ڕایگەیاند کە دوو کەشتیی گەورەی گواستنەوەی نەوت بە ناوەکانی «دیۆنا» و «هێرۆ 2» سەر بە کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی نەوتی ئێران، لە گەمارۆکە تێپەڕیوون و بە یەکەوە نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خامی ئێرانیان هەڵگرتووە. دواتریش ئاماژەی بە تێپەڕینی کەشتییەکی سێهەم کرد.
بەپێی «تانکر تراکرز»، ئەمانە یەکەمین هەناردەکردنی نەوتی خامی ئێرانن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا.
ماڵپەڕەکە وتی، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییانە، ئاماژەکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکانی شیکردۆتەوە و لەگەڵ وێنەکانی وەرگیراو لە مانگی دەستکردی زەوی (ساتەلایت) بەراوردی کردووە.
لە هەمان کاتدا، حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، کە نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بوو، هەڵگیراوە.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی، لە سوویسرا، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یادداشتێکی تێگەیشتن واژۆ بکەن کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەواوی کەنداوی هۆرمزە. ئەو ڕێککەوتنەش وەک دەستپێکی ماوەیەکی دوو مانگەی گفتوگۆ و دانوستان پێناسە دەکرێت.
کەنداوی هۆرمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، چونکە نزیکەی پێنجەک یەک لە بەرهەمی نەوتی جیهان بە شێوەی ئاسایی لە ڕێگەی ئەم مەرەوەیە دەگوازرێتەوە. ئێران ئەم ڕێگایەی داخستبوو دوای ئەوەی یەکەم هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی پێکرد.

