zagros news agency

پزیشکێک: پێوانی پەستانی خوێن بەهەڵە، نەخۆش تووشی چارەسەری نادروست دەکات

 

پزیشکێکی گشتی هۆشداری دەدات، هەڵەی سادە لە کاتی پێوانی پەستانی خوێندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس بە هەڵە تووشی دەستنیشانکردنی بەرزیی پەستانی خوێن ببن.

ئەو پزیشکە روونیکردەوە، شێوازی دانیشتنی نەخۆش و دانانی قۆڵ لە کاتی پشکنینەکەدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وردیی خوێندنەوەکە دەبێت.

دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا (NHS) ئامۆژگاری دەکات، بەر لە پێوانی پەستانی خوێن نەخۆش لانیکەم پێنج خولەک بە هێمنی دانیشێت، پشت بە کورسییەکەوە بدات و پێیەکان بە تەختی لەسەر زەوی دابنێت. هاوکات پێویستە قۆڵ لەسەر رووبەرێکی جێگیر و هاوتەریب لەگەڵ ئاستی دڵ دابنرێت. ئەم رێکارانە هەمیشە لە کلینیکەکاندا جێبەجێ ناکرێن، بەتایبەت لەو شوێنانەی قەرەباڵخن، ئەمەش دەبێتە هۆی خوێندنەوەی نادروست و بڕیاری چارەسەری نەگونجاو.

دەیلی مەیڵ لە زاری دین ئیجێت، پزیشکی گشتی لەو دەستەیە، بڵاویکردەوە، پێوانی وردی پەستانی خوێن بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی مەترسیی زیانەکانی بەرزیی پەستانی خوێنیان لەسەرە و چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی دروست.

ئیجێت روونیکردەوە، زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی چارەسەر و کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکان زیانی راستەقینەیان لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەت لای ئەو نەخۆشانەی زیاتر رووبەڕووی مەترسییە تەندروستییەکان دەبنەوە. رێگاکانی پێوانی نادروست دەبنە هۆی بڕیاری چارەسەری نەگونجاو و کاریگەری لەسەر کوالێتیی ژیانی نەخۆشەکان دادەنێت.

ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە، توێژەرانی دامەزراوەی جۆنز هۆپکینز میدیسن لە ساڵی 2024 لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر 133 کەسی پێگەیشتوو کرد، کە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 80 ساڵیدا بوو، بۆ ئەوەی کاریگەریی شوێنی قۆڵ لەسەر وردیی پێوانی پەستانی خوێن دەربخەن.

لێکۆڵینەوەکە سەلماندی، بەبێ پشتگیریکردن، هەرکاتێک قۆڵ بە تەنیشت جەستەوە بهێڵدرێتەوە، خوێندنەوەی پەستانی سیستۆلی (ژمارەی سەرەوە) نزیکەی 6.5 ملیم جیوە بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا پەستانی دیاستۆلی نزیکەی 4.4 ملیم جیوە بەرز دەکاتەوە. هەروەها دانانی قۆڵ لەسەر رانەکان، پەستانی سیستۆلی نزیکەی 4 ملیم جیوە زیاد دەکات.

توێژەران پێیان وایە ئەو جیاوازییانە ئەوەندە گەورەن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری دەستنیشانکردنی هەندێک نەخۆش بە بەرزیی پەستانی خوێن دەبێت.

هێشتنەوەی قۆڵ بە شێوەیەکی خاو، دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسوڵکەکان و بەرزبوونەوەی کاتیی پەستانی خوێن، لە کاتێکدا دانانی قۆڵ لەسەر رانەکان مەودای نێوان قۆڵ و دڵ زیاد دەکات و کاریگەری لەسەر خوێندنەوەکە دادەنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

سەڵاح

قوتابییەکی کورد لە پێشبڕکێی جیهانیی “پردی چینی” بەشداربوو

ART