توێژەرانی ئوسترالیا جۆرێکی نوێی خەمۆکییان دەستنیشان کردووە بە تێکچوونی کاتژمێری بایۆلۆجیی لەشەوە بەستراوەتەوە. ئەم جۆرە بە «خەمۆکیی شەوڕۆژی» ناودێر کراوە و کەمتر بە دەرمانە باوەکانی دژەخەمۆکی وەڵام دەداتەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە گۆڤاری دەروونپزیشکیی بەریتانیا بڵاو کراوەتەوە، زانیاریی پزیشکی و بۆماوەییی ١١ هەزار و ٣٨٠ هاووڵاتیی ئوسترالیا پشکنراوە و دەرکەوتووە نزیکەی لەسەدا ٢٣ی بەشداربووان تووشی ئەم جۆرە خەمۆکییە بوون. توێژەران پێشبینی دەکەن ئەم نەخۆشانە لە ڕێگەی مێلاتۆنین و ڕووناکیدەرمانییەوە باشتر چارەسەر وەربگرن.
دکتۆر ئێمیلیانا تۆنینی لە نێوەندی مێشک و هزری زانکۆی سیدنی دەڵێت: ئەو نەخۆشانەی نیشانەکانی وەک درەنگ خەوتن، خەوی درێژ لە کاتی خەمۆکیدا، شەونخوونی و جیاوازیی بەرچاوی کاتی خەو لە نێوان ڕۆژانی هەفتە و پشووەکاندا پێشان دەدەن، تووشبووی ئەم پۆلێنکردنە نوێیەن. ناوبراو ڕوونی کردەوە ئەم کەسانە نیشانەی دەروونیی توندتر، هەوڵی زیاتری خۆکوژی و لە تەمەنێکی کەمتردا دەستپێکی نەخۆشییەکەیان لەخۆ گرتبوو.
هەروەها دەرکەوتووە دەرمانە باوەکانی وەک SSRI و SNRI بۆ ئەم نەخۆشانە کەمتر کاریگەر بوون و زیانی لاوەکیی زۆرتریان لێ کەوتووەتەوە. پرۆفیسۆر ئیان هیکی لەم بارەیەوە گوتی: ڕێکخستنی خولی خەو و هەستان، بەرکەوتنی تیشکی بەیانیان و کاتی ژەمەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشانە بایەخێکی چارەنووسسازیان هەیە. توێژەران جەختیان لەوە کردەوە تاقیکردنەوەکان تەنیا لەسەر کەسانی بەڕەچەڵەک ئەورووپایی ئەنجام دراون و پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

