كاتێك منداڵێك كورتەو هۆڕمۆنی گەشەی كەمە پزیشك دەرزی بۆ دەنوسێت، چونكە پێویستەو تاكە چارەسەرە، بەڵام هەندێك جار لەلایەن دایك و باوكی منداڵەكە ڕەت دەكرێتەوە بە بیانوی ئەوەی كە گوێی لێ بووە زیانی هەیە كە ئەوەش هیچ بنەمایەكی زانستی نیەو ئەو دەرزییە وەك هەموو دەرمانێكی تر جگە لە سوودە زۆرەكەی دەكرێ زیانی لاوەكی هەبێ بە ڕێژەیەكی كەم، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی متمانەپێكراوەو سەلامەتە.
هەندێك جار دایك و باوك كە دەبینن منداڵەكەیان كورتە ڕاستەوخۆ داوای دەرزی گەشە دەكەن و ئەو دەرزییە بە جادوو سیحر دەزانن، لە كاتێكدا زۆربەی ئەو منداڵانەی كورتن پێویستیان پێی نیەو هەندێك لە جۆرەكانی كورتی باڵا سوود لە دەرزیەكە نابینن بۆیە پزیشك دوای بەدواداچوون و پشكنینی ورد ئینجا بڕیاری لێ دەدات كە پێویستی پێیە یان نا.
هەندێك لە دایك و باوكان وا دەزانن دەرزییەك یا چەند دانەیەك لەو دەرزییە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەكە دەست بە گەشە بكات، ڕاستییەكە ئەوەیە كاتێك منداڵ دەرزی بۆ دەنوسرێت پێویستە ڕۆژانەو بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام بێت لەسەری تا ئەو كاتەی دەگاتە درێژی باڵای گونجاو.
تێبینی / (سیحر) مەبەست ئەوەیە كە هەندێك كەس ئەو دەرزییە وەك سیحرو جادو دەبینن بۆ كورتی باڵا، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ هەموو منداڵێك نابێ.
(د. سۆران سابیر عوسمان – پسپۆری نەخۆشییەكانی منداڵان)