ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

توێژینەوەیەک: دارچینی لەگەڵ قاوە یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێش

لە کۆنەوە دارچینی لەگەڵ خواردن و خواردنەوەکاندا بەکارهاتووە، چەندین سوودی سەرسوڕهێنەری هەیە.

لە ماڵپەڕی “ScienceAlert” بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە زیادکردنی کەوچکێکی بچوکی دارچینی بۆ قاوە بۆ ماوەی هەفتەیەک، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە سووتاندنی چەوری.

لە توێژینەوەکەدا پێداچوونەوەیەک بۆ ٣٥ توێژینەوە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە خواردنی دارچینی لەگەڵ قاوە کاریگەری لەسەر سووتاندنی چەوری جەستە هەیە، دەرکەوتووە کە خواردنی دارچینی ڕەنگە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی چەوری دەوری کەمەر هەبێت چونکە خواردنی کەمتر لە ١.٥ گرام لە ڕۆژێکدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری دەوری کەمەر بە تێکڕا ١.٦٨ کیلۆگرام هەروەها شیکارییەکی دیکەی تاقیکردنەوە کلینیکیەکان دەریخستووە کە دارچینی پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) و کێشی جەستە بە ڕێژەی 0.92 کیلۆگرام کەمدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پێکهاتەی چەوری یان بارستەی ماسولکەکاندا هەبێت.

هەندێک میکانیزم ئاماژە بەوە دەکەن کە دارچینی لەگەڵ قاوە یارمەتی گلوکۆز دەدات خێراتر بچێتە ناو خانەکانی جەستە، ئەمەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا کەمدەکاتەوە، هەروەها ڕەنگە سووتانی چەوری باشتر بکات و هەستکردن بە تێربوون زیاد بکات.

بەگشتی بەکارهێنانی دارچینی وەک بەهاراتێک بە تەندروست دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پسپۆران هۆشداری دەدەن لەوەی کە رەنگە هەندێک کەس هەستیارییان بەرامبەر دارچینی هەبێت و تووشی کاریگەری لاوەکی ببن، لەوانە ئازاری گەدە و ڕیخۆڵە.

ئیڤانجیلین مانتزیۆریس پسپۆڕی خۆراکی و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاند “دارچینی دەتوانێت کاریگەرییەکی کەمی لەسەر کێش هەبێت، بەڵام نابێتە هۆی دابەزاندنی کێشی جەستە بە شێوەیەکی بەرچاو بەبێ دەستکاریکردنی شێوازی ژیان بۆ شێوازێکی تەندروست، ئەگەر چێژ لە تامی دارچینی لەناو قاوە وەردەگریت ئەوا زیادکردنی هیچ زیانێکی نییە”

هەواڵی پەیوەندیدار

توێژینەوەیەک: زۆرخواردنەوەی قاوە و وزەبەخشەکان زیان بە دڵ دەگەیێنن

lana

نیشانەكانی بەرزبونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێن چین؟

lana

تەماتە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

lana