کاتێک کە دەڵێین زەردەچەوە بەو ڕەگە دەوترێت کە لە ژێر خاکدا گەشە دەکات، بەکارهێنانی زەردەچەوە سەرەتا لە هیندستانەوە سەریهەڵداوە کە دەگەڕێتەوە بۆ 4 هەزار ساڵ پێش ئێستا، سەرەتا وەکو بەهاراتێکی چێشتخانە سودی لێوەردەگیرا و لە ئاهەنگەکاندا وەکو نەریتێک بەکاریان دەهێنا، بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر زەردەچەوە کراوە سودی گرنگی هەیە.
بە گوێرەی ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر زەردەچەوە کراون دەرکەوتوە، زەردەچەوە بە ماددەی (کۆرکۆمین) دەوڵەمەندە، دژە ئۆکسید، شێرپەنجە، مەیینی خوێن، بۆیە لە دێر زەمانەوە تا ئێستەش زەردەچەوە وەک بەدیل و شوێنگرەوەی دەرمانەکان بەکارهێنراوە و کەڵکی لێوەرگیراوە، بەڵام پزیشکان لە دوا توێژینەوەیان هۆشداری دەدەن، کە بەکارهێنانی زەردەچەوە بۆ نەخۆشییەکان لەگەڵ خواردنی دەرمانە پزیشکییەکان زیانی زۆر بە جەستە و تەندروستی مرۆڤ دەبێت.
بەکارهێنانی زەردەچەوە لەگەڵ دەرمان مەترسیدارە:
زەردەچەوە زۆر جار وەکو چارەسەرێکی سروشتی بۆ زۆر نەخۆشی بەکاردەهێنرێ و وەکو جێگرەوەیەکیش لە شوێنی بەکارهێنانی دەرمانی پزیشکی بۆ زۆریک لە نەخۆشییەکان سودی لێوەردەگیرێت، توێژینەوە پزیشکییەکانیش دوپاتیان کردوەتەوە کە زەردەچەوە دەتوانێ کاریگەری لەسەر جەستە و نەخۆشییەکان دابنێ لە ڕوی ئەرێنییەوە، بەڵام خواردن و بەکارهێنانی لەگەڵ دەرمانە پزیشکییەکان مەترسیدارە و دەبێ بە هەمو جۆرێک لێی دوربکەونەوە.
لەم حاڵەتانە نابێ ئەو کەسانە زەردەچەوە بخۆن و بەکاریبێن:
1. خانمانی شیردەر و دوگیان و ئەو پیاوانەی پلانیان هەیە بۆ منداڵبون: خواردنی زەردەچەوە بەتایبەت لەسەرەتای مانگەكانی سكپڕی كاریگەری دەكاتە سەر ماسولكەكانی منداڵدان و ڕەنگە ببێتە هۆی لەبارچونی منداڵەكەی.
2. بۆ پیاوان كاتێك پلانیان هەبێت بۆ منداڵبون پێویستە دوربكەونەوە لە خواردنی زەردەچەوە، چونكە ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر توانای پیتاندن لە پیاواندا و باشتر وایە لەو كاتانەدا نەخورێت.
3. ئەگەر کەسێک بەردی گورچیلەت هەیە ئەوە باشتر وایە دوربكەویتەوە لە خواردنی زەردەچەوە یان زۆر بە كەمی بیخۆیت، چونكە ئازاری گورچیلەكانت زیاد دەكات و زەردەچەوە جۆرێك ئۆكزال لە پێكهاتەیدا هەیە كە ئەگەر لەگەڵ كالسیۆمدا یەك بگرن ئەوە بەڕێژەی %75 هۆكار دەبن بۆ دروست بونی بەرد لە گورچیلەدا.
4. ئەو كەسانەی بەردی زراویان هەیە بۆ ئەوەی تەندروست باش بن باشتر وایە زەردەچەوە زۆر كەم بۆ خواردنەكانیان بەكاربهێنن.
5. هەركاتێك نیازی ئەوەت هەبوو نەشتەرگەری بۆ یەكێك لە ئەندامەكانی جەستەت بكەیت ئەوە باشتر وایە دو هەفتە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكە دوربكەوتەوە لە خواردنی زەردەچەوە، چونكە ئەم جۆرە بەهاراتە پێكهاتەیەكی تیادایە كە وادەكات درەنگ خوێن بمەێت و ئەمەش بۆ هەر حاڵەتێكی خوێن بەربەن لەكاتی نەشتەرگەریەكە مەترسی لەسەر تەندروستی كەسی نەخۆش دروست دەكات.