فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە شاری ڕیاز، ڕایگەیاند، عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربهێندرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی سعوودیە، یان وڵاتانی کەنداو یان هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەم کۆبوونەوەیەدا کە قاسم عەبوودی ڕاوێژکارى ئاسایشی نیشتمانی و حەمید شەترەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئامادەی بوون، چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران.
لەکۆببونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری، وەبەرهێنان و وزەی نێوان هەردوو وڵات کرا.
فۆئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی، بەتایبەت سعوودیە، بنیات بنێت. ئاماژەی بەوەش کرد عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەوە زەرەرمەند بووە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند، ئاسایشی عێراق بەشێکی سەرەکییە لە ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتەکەی پشتگیری لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.
لە کۆتاییدا، هەردوو لایەن بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵاتان، ڕێزگرتن لە بنەماکانی هاوسێیەتی باش و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی هیچ وڵاتێک بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتانی دیکە کردەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە کاتی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، چەند گرووپێکی چەکدار لە ناوخۆی عێراقەوە هێرشی موشەکی و درۆنیان کردبووە سەر چەند بنکە و دامەزراوەیەک لە سعوودیە و وڵاتانی کەنداو.
هەواڵی پێشوو

