پیاوێکی عێراقی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی میونشن بووە ئیسلامگەرایەکی توندڕەو و گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی. ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی دوو منداڵی ئێزدییان کڕی و بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجەیان دان. ئێستا ئەم ژن و مێردە لە ئەڵمانیا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.
ژن و مێردێکی عێراقی پێشتر لە ئەڵمانیا دەژیان، بە تۆمەتی کۆیلەکردنی کچانی ئێزدی و ئەندامێتی لە گرووپی تیرۆریستیی داعش بە سزای قورس حوکم دران. دادگای باڵای ویلایەتی میونشن، بە تۆمەتی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی، پیاوەکەی بە زیندانی هەتاهەتایی و ژنەکەی بە ٩ ساڵ و نیو زیندانی حوکم دا.
بۆ دادگا سەلمێنراوە ئەم ژن و مێردە لە عێراق دوو کچی ئێزدییان وەک کۆیلە کڕیوە، چەوساندوویاننەتەوە و پیاوەکە دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر ئەو منداڵانە. نوێنەری داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە کاتی دادگاییکردنەکەدا گوتی: «ئەم توندوتیژییە ترسناکە ئەوەندە لە هەستی مرۆڤایەتییەوە دوورە، کە بە نادروست دەچێت.» بە گوتەی ئەو، هەموو ئەم هەنگاوانە بۆ لەناوبردنی ئایینی ئێزدی ئەنجام دراون.
ژنەکە ئێستا تەمەنی ٣٠ ساڵە، لە کاتی دادگاییکردندا داوای لێبووردنی کرد و گوتی: «داوای لێبووردن دەکەم.» هاوسەرەکەشی ئامادە نەبوو لە دادگادا هیچ قسەیەک بکات. یەکێک لە قوربانییەکانیش وەک سکاڵاکاری تایبەت لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە بوو، لە کاتی خوێندنەوەی حوکمەکەدا، دەستی بە گریان کرد.
گرووپی تیرۆریستیی داعش بە شێوەیەکی سیستماتیک توندترین تاوانی دژی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئایینیی ئێزدی ئەنجام دا؛ ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا وەک جینۆساید دەیناسێنێت.
پیاوە سزادراوەکە لە ساڵی ١٩٨١ لە عێراق لەدایک بووە. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٢ هاتە ئەڵمانیا، وەک سەرتاش کاری کرد و بووە خاوەنی منداڵ. بەپێی زانیارییەکانی دادگا، ئەو لە ساڵی ٢٠١٣ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی میونشن توندڕەو بووە و لە ساڵی ٢٠١٥ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق. ئەم پیاوە کەمێک دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەی هاوسەرگیریی کردووە.
بە گوتەی دادگا، ئەم پیاوە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر داوای هاوسەرەکەی، کچێکی پێنج ساڵانی ئێزدیی وەک کۆیلە کڕیوە. کچێکی دوازدە ساڵانیش لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ئەم دۆسیەیە زیاد بووە. دادگا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەم پیاوە دەستدرێژیی کردووەتە سەر هەردوو منداڵەکە و هاوسەرەکەشی لەم تاوانانەدا بەشدار بووە.
لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، ژنەکە جلوبەرگی بۆ کچە دوازدە ساڵانەکە ئامادە کردووە و پێی گوتووە بڕیارە بۆ بەشداری لە زەماوەندێکدا بیپۆشێت، بەڵام دواتر پیاوەکە چووەتە ژوورەوە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵەکە. بەپێی دۆزینەوەکانی دادگا، ژنەکە خۆی دەستی کچە بچووکەکەی بە ئاوی گەرم سووتاندووە. چەوساندنەوەی کچە گەنجەکە لە سەرووی توانای ئەو بووە و هەرگیز ڕێگەی پێ نەدراوە وەک منداڵێک بژی. هەردوو قوربانییەکە تا ئەمڕۆش بەدەست نەخۆشییەکانی نێو کۆیلایەتییەوە دەناڵێنن.
هەروەها ڕێگە بەم منداڵانە نەدراوە ئایینی خۆیان هەبێت و ناچار کراون پەیڕەوی لە ئیسلام بکەن. بە گوتەی فیلیپ شتۆڵ، سەرۆکی دادگای باڵای ویلایەتی میونشن، ئەمە یەکەم سزادانە لە ئەڵمانیا بەهۆی گواستنەوەی زۆرەملێی قوربانییان لە گروپێکی نەتەوەیی یان ئایینییەوە بۆ گروپێکی دیکە.
بە گوتەی دادگا، کچە بچووکەکە بەهۆی سەردەمی کۆیلایەتییەوە، زمانی دایکیی خۆی لەبیر کردووە و بۆ قسەکردن لەگەڵ دایکیدا پێویستی بە وەرگێڕ هەیە. دادوەر شتۆڵ گوتی ئەم دادگاییکردنە بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە و دادگا تۆمەتبارانی بەهۆی تاوانەکانی خۆیانەوە سزا داوە.

