zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆیی عێراق: دەستبەسەر دوو تۆن ماددەی هۆشبەر دا گیراوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی تاوان لە وڵاتدا بە ڕێژەی 18% کەمی کردووە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە دەست بەسەر نزیکەی دوو هەزار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە و زیاتر لە دوو ملیۆن سزای هاتوچۆش تۆمارکراوە.
لیوا مقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، ڕێژەی تاوان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەی 18% کەمی کردووە.”
گوتیشی “لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، دەست بەسەر 1,977 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، هاوکات 3,553 تۆمەتباری بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە سزای لەسێدارەدان بۆ 58 تۆمەتباریان و سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ 236 تۆمەتباری دیکەیان دەرچووە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی ناوخۆ 17 ئۆپەراسیۆنی لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە ئەنجامداوە.
میری ڕوونیشی کردەوە، 289 تۆمەتبار بە تۆمەتی ئەنجامدانی شەڕی عەشایەری و 102 تۆمەتبار بەهۆی پەیوەندییان بە بزووتنەوە ئایینییە توندڕەوەکان و پڕوپاگەندەکردن بۆ حزبی بەعسی هەڵوەشاوە دەستگیرکراون، هاوکات 50 تۆمەتباریش بە تاوانی قاچاخچێتی شوێنەوار دەستگیرکراون.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە هەوڵەکانی وەزارەتەکە بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی 83 تۆمەتباری سەرانەسەندنی ئەلیکترۆنی (باج وەرگرتن)، 25 تۆمەتباری فێڵکردنی دارایی، و 52 تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد کە ژمارەی سزاکانی هاتوچۆ (غەرامە) کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا تۆمارکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 638 هەزار سزا.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دارایی عێراق بۆ پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران: داخستنی گەرووی هورمز زیانی بە ئابووریی وڵات گەیاندووە

سەڵاح

گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئەمنیەتی نێوان سووریا و ئیسرائیل بەردەوامە

یاسین

پلەکانی گەرما گۆڕانکاریان بەسەر دادێت

یاسین