سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، «هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت» کە لایەن و حزبە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە پێکهاتە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، بەنیازی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکە بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکە لە ڕۆژی چوارشەممە، تاوەکو دواین پێشهاتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و هەرێمییەکان تاوتوێ بکات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ ئاژانسی “شەفەق نیوز”، کۆبوونەوەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەو قەیرانە داراییەی وڵاتی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی ئاستەنگ لە بەردەم تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و سودمەندبوونی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
هەروەها بەپێی وتەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکە تاوتوێی ڕەوشی ئەمنی دەکات، بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق لە ۲۹ی تەممووزی ڕابردوودا بەر هێرشی هاوبەشی سودی – ئەمریکی کەوت کە بارەگاکانی حەشدی شەعبیی لە چەند پارێزگایەکی عێراق کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ۲۰ چەکدار و برینداربوونی ۳۲ی دیکە. سەرچاوەکە زیادی کرد کە کۆبوونەوەکە تاوتوێی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش دەکات بۆ وەڵامدانەوەی بۆردومانەکەی سودیە.

