لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا، دوای ١٨ کاتژمێر لە وەرگرتنی، پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی” تایبەت بە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیی پەسەند کرد؛ بڕیاریشە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
پڕۆژەیاساکە کە لە ١٢ ماددە پێکهاتووە، ئامانجی سەرەکی پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە. دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردەییی چەکداماڵین لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.
لە ڕووی یاساییەوە، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە یاساکە دەیانیگرێتەوە، بەڵام تۆمەتبارانی تاوانی کوشتنی بەئەنقەست یان ئەوانەی پێش ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە لەم یاسایە بێبەش دەبن.
هەروەها میکانزمێکی نوێ بۆ دواخستنی دادگاییکردن و سزاکان بەم شێوەیە دیاریکراوە،سزاکانی کەمتر لە ١٥ ساڵ، دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ماوەی ٥ ساڵ دوادەخرێت، سزاکانی سەرووی ١٥ ساڵ یان زیندانیی هەتاهەتایی، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پرۆسەکە دوادەخرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا تاوانی نوێ ئەنجام نەدرێت، دۆسیەکان دادەخرێن و تەواوی رێکارەکانی دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەری لادەبرێن.
بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە، ئەنجوومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت پێکدەهێنرێت، هاوکات لیژنەیەکی ١٧ کەسیش لە پەرلەمان بۆ چاودێریکردن دروست دەکرێت. سوودمەندبووان پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی داواکاری پێشکەش بکەن.
سەبارەت بە کاردانەوە سیاسییەکان، ئیدریس شاهین، ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند کە پەرلەمان تاکە ناونیشانی چارەسەرکردنی پرسی پەکەکەیە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی دڵنیاکەرەوە نەنراوە. لە بەرامبەردا، مێرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەیاساکە دەرفەتی ئاشتیی هەمیشەیی دەڕەخسێنێت و هەوڵ دەدەن سەرەڕای کەموکوڕییەکان لەسەر عەقڵیەتێکی هاوبەش کۆببنەوە.
دەستپێکی ئەم قۆناغە نوێیە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەگەڕێتەوە، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە ڕاگەیاند؛ لە ئێستاشدا ئەم پڕۆژەیاسایە بە یەکێک لە جدیترین هەنگاوەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەندین ساڵە و فراوانکردنی بەشداری سیاسیی کورد دادەنرێت.

