وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ۱۱ هەزار فەرمانبەر لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی دەوڵەتدا توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە.
ئاماری گشتیی نەخوێندەواری لە عێراق:
کەریم ئەلسەیید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ «شەفەق نیوز» ڕایگەیاند کە بەپێی ئامارە بەستراوەکان بە سەرژمێریی کۆتایی دانیشتووانەوە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە عێراق گەیشتووەتە ۱٥.۳٪، کە ژمارەیان لە نێوان ٦ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار تاوەکو ٦ ملیۆن و ۹۰۰ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.
پارێزگاکانی نەینەوا، موسەنا و میسان بەرزترین ڕێژەی نەخوێندەوارییان تێدا تۆمار کراوە، لە کاتێکدا هەولێر و صلاح الدین لە ڕیزبەندیی کەمترینەکاندا بوون، و بەغداش نزمترین ڕێژەی بە ۱۰٪ تۆمار کردووە.
دابەشبوونی نەخوێندەواران لە ناو فەرمانبەرانی دەوڵەتدا:
لە سەرانسەری عێراقدا زیاتر لە ۱۱ هەزار فەرمانبەری دامەزراوەکانی دەوڵەت خوێندەوارییان نییە.
ئەم فەرمانبەرانە دابەش بوون بەسەر وەزارەت و دامەزراوە مەدەنییەکاندا (بە تایبەت نەوت و کارەبا)، هەروەها دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی.
لە ئێستادا ژمارەی ئەو فەرمانبەرە مەدەنی و سەربازییانەی لە خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا دەخوێنن گەیشتووەتە ٥۷،٥۱۲ كەسن؛ لەوانە ٥،۸۳۲ فەرمانبەری مەدەنی و ۱۰،۳٦٦ کەسی سەربازین.
هەوڵەکانی وەزارەت و هۆکارەکانی دیاردەکە:
جێبەجێکارانی دۆسیەی نەهێشتنی نەخوێندەواری زیاتر لە ۱،۲۰۰ سەنتەریان لە سەرانسەری عێراقدا هەیە و تا ئێستا زیاتر لە ۲ ملیۆن و نیو کەس لە بەرنامەکانیان سوودمەند بوون.
وەزارەت لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی دارشتووە تاوەکو بگاتە دوورترین ناوچە و گوندەکان بۆ ڕاکێشانی زۆرترین ژمارەی نەخوێندەواران.
سەبارەت بە هۆکارەکان، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنی و تێکچوونی ئاسایشی چەند ساڵی ڕابردووی وڵات کرد، کە بووەتە هۆی دابڕانی منداڵان لە خوێندن و کەڵەکەبوونی ساڵانی نەخوێندەواری.

