zagros news agency

دەستەی دەروازە سنوورییەکان شەش راسپاردەی گرنگ بۆ رێکخستنەوەی دەروازەکان دەرکرد

 

سێشەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکان شەش راسپاردەی فەرمیی دەرکرد، دیارترینیان کارکردنە بە درێژایی 24 کاتژمێر لە دەروازەکان و رێگریکردنە لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا.

دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێشەممە نۆیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەستەکە بۆ ساڵی 2026 بە سەرۆکایەتی عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی ئەنجوومەن و بە ئامادەبوونی نوێنەری دامەزراوە کاراکان لە دەروازە سنوورییەکان و نوێنەری پارێزگاکان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی ستراتیژی تایبەت بە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان، میکانیزمی بەرزکردنەوەی ئاستی کاری دامەزراوەیی و پتەوکردنی هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکاندا تاوتوێ کرا، ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان، سەقامگیریی ئەمنی و مسۆگەرکردنی سەروەریی نیشتمانی.

ئەنجوومەنەکە ژمارەیەک بابەتی دیکەی خستە سەر خشتەی کارەکانی، کە پەیوەستن بە پەرەپێدانی رێکارەکانی کارکردن، چاودێری و وردبینیکردن، پتەوکردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری و یەکخستنی داتا لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان. لە پاڵ ئەمانەدا، بەدواداچوون بۆ ئەو رێکارانە کرا کە رێگری لە هەر حاڵەتێکی دەستکاریکردن، قاچاخچێتی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی دەکەن و ژینگەی کارکردن لە دەروازە سنوورییەکان باشتر دەکەن.

دەستەکە ئەو شەش راسپاردەیەی لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند کراون، بەم شێوەیەی خوارەوە خستە روو:

یەکەم: کارکردن لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە درێژایی 24 کاتژمێر، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاران و کاڵاکان لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەنجامدانی پشکنینی ورد.

دووەم: وەرگرتنی سەرجەم داواکارییەکانی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان و بانگهێشتکردنی نوێنەرێکیان بۆ ئەنجوومەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی داواکارییەکان، بەبێ ئەوەی نوێنەرەکە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەن بێت.

سێیەم: پشتیوانیکردنی کارمەندانی دەستەی گشتیی گومرک لە ئەنجامدانی پشکنین و کەشفکردنی کاڵا هاوردە و هەناردەکراوەکان، لەگەڵ پابەندکردنی سەرجەم دامەزراوە کاراکان بە رێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان و کارکردن لە چوارچێوەی تایبەتی هەر لایەنێک بەپێی یاسا و رێنماییەکان، بەجۆرێک پێشێلی کاری گومرک نەکات.

چوارەم: ئاراستەکردنی سەرجەم فڕۆکەخانەکان بۆ پابەندبوونی تەواو بە یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە 30ـی ساڵی 2016، بەوپێیەی دەستەکە لایەنێکی چاودێر و سەرپەرشتیاری کاری سەرجەم دامەزراوەکانە، هەروەها ئاراستەکردنی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکان بەوەی دەست لە کاروباری دەستەی گشتیی گومرک وەرنەدەن.

پێنجەم: ئاراستەکردنی دەستەی گشتیی گومرک بە چاککردنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی سۆنار کە لە دەروازە سنوورییەکان لەکار کەوتوون، بەهۆی گرنگییان لە پشکنینی کاڵاکاندا.

شەشەم: ئامادەبوونی کارمەندانی گومرک لە ژووری کۆنترۆڵکردنی کێشە کانتەرەکان لە بەندەرە دەریاییەکان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە وردیی کێشی بارەکان، چونکە ئەوان لایەنی هونەریی تایبەتمەندن بۆ هەژمارکردنی باج و دڵنیابوون لە دروستیی خوێندنەوەکانیان.

وائیلی جەختیکردەوە لە گرنگیی بەردەوامبوون لە پەیڕەوکردنی شێوازە مۆدێرنەکان لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و یەکخستنی هەوڵەکان لەنێوان سەرجەم دامەزراوەکاندا، بەجۆرێک لەگەڵ ئاراستەکانی حکوومەتدا بگونجێت بۆ بەرزکردنەوەی توانای دەروازە سنوورییەکان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەشتیاران و بازرگانان، لەگەڵ پاراستنی ئابووریی نیشتمانی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان.

سەرۆکی ئەنجوومەن پێداگریشی کرد لەسەر پێویستیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی راسپاردە و بڕیارە دەرکراوەکان و مسۆگەرکردنی وەرگێڕانیان بۆ رێکاری کردەیی لەسەر زەوی، کە ئەمەش هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتە نانەوتییەکان بەهێز دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ گوندی مشار درۆنێك كه‌وته‌ خواره‌وه‌

سەڵاح

نیشتەجێبوونی زیاتر لە چوار ملیۆن پەنابەر لە ئەڵمانیا

سەڵاح

واشنتن سەرۆکی سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

سەڵاح