بۆ پاراستنی باری دەروونی و تەندروستی قوتابییان، وەزارەتی پەروەردەی عێراق (بەڕێوبەرایەتی گشتی پرۆگرامەکان) بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا پێدانی هەر جۆرە ئەرکێکی ماڵەوەی (واجب مەدرەسی) لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمی قەدەغە کرد.
بڕیارەکە ئەم خاڵە سەرەکییانە لەخۆ دەگرێت:
قەدەغەکردنی ئەرک لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە: مامۆستایان بۆیان نییە لە دوای کاتی دەوام، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلیگرام و ڤایبەر و وەتسئەپ، ئەرک و وانەی زیادە بۆ خوێندکاران بنێرن.
قۆناغە سەرەکییەکان: ئەم ڕێنماییە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی (سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) دەگرێتەوە.
جێبەجێکردن لە ناو پۆلدا: وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە دەبێت سەرجەم ئەرکەکان و نووسینەکان تەنها لە ناو کاتی وانەی خوێندن و لە ناو قوتابخانەدا ئەنجام بدرێن.
لێپرسینەوەی یاسایی: بەڕێوبەرایەتییەکانی قوتابخانەکان بەرپرسیارێتی تەواوی سەرپێچیکردنی ئەم بڕیارە دەگرنە ئەستۆ و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو لەوەی کە بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی منداڵەکانیان دروست بووە و کاتی حەوانەوەیان نەماوە.

