ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە عێراق مادەی هۆشبەر لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا دەچێندرێت

 

رۆژنامەیەكی عەرەبی هۆشداری لە پێشهاتێكی مەترسیداری ئەمنی و كۆمەڵایەتی لە عێراق دەدات، بەهۆی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و چاندنی ئەو گیایانەی كە لە پیشەسازیی دروستكردنی مادەی هۆشبەردا بەكار دەهێندرێن.

رۆژنامەی (العربي الجديد) لە راپۆرتێكدا لە زاری ئەرشەد حاكم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە بڵاوی كردەوە، دەزگاكە توانیویەتی زەوییەكی كشتوكاڵی ئاشكرا بكات لە دەوروبەری بەغدا كە حەفت دۆنم بووە و مادەی هۆشبەری تێدا چێندراوە.

هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە زۆر ناوچەی عێراقدا، مادەی هۆشبەر و ئەو گژوگیایانە دەچێندرێن كە دەچنە نێو پیشەسازیی مادەی هۆشبەر لە نێویشیاندا ڕووەكەكانی (داتورا و خەشخاش).

رۆژنامەكە دەڵێت: ”چاندنی ئەم مادە هۆشبەرانە، پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ دۆخی ئەمنی و كۆمەڵایەتیی عێراق. وێڕای ئەوەی دەسەڵاتەكانی عێراق بەردەوام هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو سەرچاوانە دەدەن كە مادە هۆشبەرەكان لە دەرەوەی عێراقەوە دەهێنێت، هەروەها بەدوای بازرگان و مافیا ڕێكخراوەكانیشدا دەگەڕێن كە دەستیان هەیە لە ئاڵوودەكردنی عێراقییەكاندا.“

هەر ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی پۆلیسی عێراقییەوە بڵاوی كردۆتەوە كە مافیاكانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان لە عێراق، دەستیان بە بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر و چاندنی ئەو رووەكانە كردووە كە لە بەرهەمهێنانی هەندێك جۆرە مادەی هۆشبەردا بەكار دەهێندرێن. بە دیاریكراویش هەندێك ناوچەی كشتوكاڵی قۆستراونەتەوە و گۆڕدراون بۆ ناوچەی چاندنی مادەی هۆشبەر.“

ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە ماوەی داهاتوودا و بەهۆی زۆربوونی دیاردەی چاندنی مادە هۆشبەرەكان، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژینگە و كشتوكاڵ، هەڵمەتێكی فراوانی پشكنینی ناوچە كشتوكاڵییەكان دەست پێدەكەن.

لە كۆتایی راپۆرتەكەشدا ئاماژە بەوە دراوە: ”لە دوای ساڵی 2003وە، عێراق چۆتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی كە بە شێوەیەكی فراوان مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاو دەبێتەوە، مادەكە بە قاچاخ لە ئێران و سووریاوە هاوردە دەكرێت. بە جۆرێك كە مادە هۆشبەرەكان لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەن كە ئێستا ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی عێراق دەبنەوە، بە تایبەتیش كە لەم دواییانە بازرگانیكردن بەو مادانە بە شێوەیەكی مەترسیدار فراوان بووە و عێراق بۆتە ڕێڕەوێك بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ئێرانەوە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی.“

هەواڵی پەیوەندیدار

‏سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى پرۆفيسۆر د. خه‌ليل ئيسماعيل ده‌كات

یاسین

خشته‌ی دابه‌شكردنی مینحه‌ی سه‌رۆكی حکوومەت بۆ رزگاربووانی ده‌ستی داعش

سەڵاح

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە

سەڵاح