بەهۆی کەمبوونەوەی سەوزایی و کەمیی ئاو و زریانی خۆڵ و پیسبوونی هەواوە، عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی ژینگەیی گەورە دەبێتەوە کە هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووی دەکات. واقیعی ژینگەی ئەمڕۆی عێراق بەپێی ڕاپۆرت و سەرچاوە فەرمییەکان، بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەڕوات و ئێستا ٪39ی ڕووبەری عێراق بووە بە وشکانی و بیابان.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکە، ساڵانە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، لە هەندێک ناوچەی عێراق زیاتر لە 300 ڕۆژ خۆڵبارینە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی ٪80ی ئاوی زێراب و پاشەڕۆ، ڕاستەوخۆ دەڕژێتە ناو ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتی (FAO) ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵانە زیاتر لە 250 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی لە عێراق لەدەست دەچێت و زیاتر له 60%ی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی عێراقیش کەم بووەتەوە.
ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لەوەی، ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی عێراقن، لەوانەیە تا ساڵی 2040 ڕووبەڕووی وشکبوون ببنەوە.

