محەمەد جەمیل میاحی، پارێزگاری واست، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٥، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند.
میاحی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “خەڵکینە خۆشەویستەکەمان، خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان، وەک ڕێزێک بۆ خوێنی شەهیدان کە پێویستیان بە هەڵوێستێکە بۆ سارێژکردنی بەشێک لە برینە قوڵەکانیان، و لەبەر وەفاداری بۆ ئەوان و بۆ دانیشتووانی ئەم پارێزگایە کە بە چاوانم و بە ئارەقی نێوچەوانم خزمەتم کردووە و لە هیچ ساتێکدا درێغیم نەکردووە، بە شانازییەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش بە ئەنجومەنی پارێزگای واست دەکەم.”
ئاماژەی بەوەشکردووە کە “دەستلەکارکێشانەوەکە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە قبوڵ کراوە.”
دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی، پەسەندی لەسەر ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت کرد، کە ڕاسپاردەی کردبوو پارێزگاری واست، بە سیفەتی سەرۆکی لیژنەی بەرگری شارستانی لە پارێزگاکە، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکەدا، ڕەوانەی لێکۆڵینەوە بکرێن بە مەبەستی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان و ئاشکراکردنی هۆکارەکانی کەمتەرخەمی.
دەستلەکارکێشانەوەکەی میاحی دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانی جەماوەری هات کە پارێزگای واست بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا هاوڵاتیان داوای لابردنیان لە پۆستەکەی دەکرد، لەسەر بنەمای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت، و ئەویان بە بەرپرسیار لە شکست و کەمتەرخەمی دەزانی.

