zagros news agency

ڕێژەی منداڵبوون لە عێراق دابەزیوە

ڕاوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، دابەزینی ڕێژەی منداڵبوونی لە عێراق لە حەوت منداڵەوە بۆ چوار منداڵ لە هەر ئافرەتێك ڕاگەیاند. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ڕێژەی ئەوانەی لە کارکردندان بۆ 60٪ بەرز بووەتەوە.

مەهدی عەلاق، ڕاوێژکاری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان، بۆ (بەغداد ئەلیەوم) ڕایگەیاند: “عێراق هێشتا وەک یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێن دەکرێت کە گەشەی دانیشتوانیان تیایدا بەرزە، بەڵام دابەزینێک هەیە کە بە ڕوونی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەرکەوتووە.”

هەروەها گوتی: “ڕێژەی منداڵبوونی ئافرەتی عێراقی ئێستا لەنێوان 3 بۆ 4 منداڵدایە، لەکاتێکدا لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە ٧ منداڵ بووە.”

عەلاق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاڕاستەی جیهانی و نیشتمانی بەپێی بەڵگەنامەی دانیشتوان، بریتییە لەوەی بڕیاردان بۆ خێزانەکان جێ بهێڵدرێت بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە ئارەزووی لەدایکبوونیان دەکەن، لەگەڵ بوونی بەرنامەگەلێک کە جەخت لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی نێوان منداڵبوونەکان دەکەنەوە، بۆ مسۆگەرکردنی تەندروستییەکی باشی زاوزێ و لەدایکبوونی سەلامەت.

گوتیشی: “عێراق بەرەو ڕێژەی منداڵبوونێک دەڕوات کە لەوانەیە کەمتر بێت لە سێ منداڵ، بەڵام ڕێژەی گەشەی دانیشتوان بە نزیکەیی 2.5٪ی ساڵانە ماوەتەوە.”

عەلاق ئاشكراشی كردووە، “وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی پێویستە و عێراق ئێستا چووەتە قۆناغی (دیاردەی دیمۆگرافی)، کە تیایدا ڕێژەی دانیشتوان لە تەمەنی کارکردندا (15- 64 ساڵ) نزیکەی 60٪ پێک دەهێنێت و ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا ڕوودەدات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەرفەتێکی باش هەیە بۆ وەبەرهێنان لەم چینەی دانیشتوان، بۆ زیادکردنی ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و باشترکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە گشتی و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی بژێوی.”

لەکۆتاییدا دەڵێت: “60٪ی دانیشتوان لە ڕووی تیۆرییەوە بژێوی 40٪ی دیکە دابین دەکەن و ئەمە دەرفەتێکە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان، بەڵام وەبەرهێنان نەکردن لە سەرمایەی مرۆیی، لەوانەیە ببێتە ڕێگر لەبەردەم پڕۆسەی گەشەپێدان.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی دووشەممە لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە

یاسین

ئێران ئیدانەی دژایەتی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەکات

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

سەڵاح