بە تۆمەتی سەرپێچیکردن له ماددەی 7/سێیەمی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان 65 کاندیدی دوور خستەوه.
جومانە لغەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: “بڕیاری دەستەی کۆمیسیاران بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەک کاندید بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی کاندیدبوونیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025 بووە کە لە مادەی 3/7ی یاسای هەڵبژاردن ژمارە 12ی ساڵی 2018دا هاتووە.”
راشیگەیاند: “کاندیدەکان دەبێت رەفتارێکی باشیان هەبێت و بە بڕیاری کۆتایی دادگا بە تاوانێکی گەورە یان تاوانێکی بچووک کە خراپەکاری ئەخلاقی تێدایە، لەوانەش کەیسەکانی گەندەڵی کارگێڕی یان دارایی، سزا نەدرابن.”
غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕیارەکە بە پشتبەستن بەو وەڵامانەی وەزارەتی ناوخۆ/بەڕێوەبەرایەتی تۆماری تاوانەوە گیراوە، کە تۆماری تاوانی ژمارەیەک کاندیدی لەخۆگرتبوو. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، لەڕێگەی ئەو لیژنەیەی کە بە فەرمانی وەزاری (79)ی ساڵی 2025 پێکهێنراوە، کە بەرپرسیارە لە پشتڕاستکردنەوەی شایستەیی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پێداچوونەوەی بەو تۆمارانەدا کردووە و پشتڕاستی کردووەتەوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دوورخراوان دەتوانن لە ماوەی سێ رۆژدا لە دوای بڵاوکردنەوەی بڕیارەکه تانەی لێبدەن.”

