ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، رایگەیاند، 40 کۆچبەری عێراقی لە لیبیاوە بۆ هەولێر دەگەڕێندرێنەوه.
سەحاف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “فڕۆکەی گواستنەوەی 40 کۆچبەری عێراقی بەرەو ئیستانبوڵ و لەوێشەوە بەرەو هەولێر فڕی”، ئاماژەی بەوەشدا کە “هەوڵێکی چڕمان دا بۆ هەماهەنگیکردنی گەڕانەوەیان و ئامادەکاری دەکەین بۆ گێڕانەوەی 35 کۆچبەری دیکە.”
هەروەها گوتی: “سوپاسی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی لیبیا دەکەین”، روونیشی کردەوە کە “خواردن و دەرمان و چاودێریمان پێشکەش کردوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بلیتەکانی سەفەرمان بۆ دابین کردوون.”
ئاماژەی بەوەشکرد کە “122 کۆچبەر لە سەرەتای کردنەوەی باڵیۆزخانە لە 2023/12/23ـەوە گێڕدراونەتەوە و بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی هۆشیاری سەبارەت بە مەترسییەکانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە گەنجەکانمان دەکەنە قوربانی”، جەختی لەوەش کردەوە کە “پابەندین بە رێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوە و کار بۆ دووپاتکردنەوەی رێڕەوی گەڕانەوەی خۆویست دەکەین.”
راشیگەیاند: “رێکخراوی کۆچ لە لیبیا و سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە تەرابلوس، ستایشی پابەندبوونی باڵیۆزخانەی عێراق و بایەخدانی بە کۆچبەرە عێراقییەکان دەکەن”، دووپاتیشی کردەوە کە “عێراق هەلی گەورەی لە کەرتی گەنجاندا هەیە و چیتر سەرچاوەی کۆچ نییە.”

