کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختی کردەوە لەسەر گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی سەرپێچیی بێدەنگیی هەڵبژاردن دەکەن.
جومانا غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند: “کۆمیسیۆن رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کاندیدانە دەگرێتەبەر کە سەرپێچیی سیستەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکەن بە شکاندنی بێدەنگیی هەڵبژاردن”، ئاماژەی بەوەدا کە “سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێندرێت.”
غەلای روونیکردەوە کە “بێدەنگیی هەڵبژاردن بریتییە لە بانگەشه نەکردن لەڕێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە، نەبەستنی کۆنفرانس و سیمینارەکانی هەڵبژاردن، ناردنی پەیامی کورتەنامە و هەر شتێکی تر کە پەیوەندی بە شێوازەکانی بانگەشەوه هەبێت.”
ئاماژەی بەوەشدا کە “تیمەکانی چاودێری سەر بە نووسینگەی نیشتمانی و نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ چاودێریکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و بێدەنگیی هەڵبژاردن”، و ئاماژەی بەوەدا کە “ئەم تیمانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارەکانیان.”

