zagros news agency

سوودانی ویلایەتی دووەم رەت ناکاتەوە

 

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە خواست و ئارەزووی خۆی کرد بۆ سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی عێراق. ئەو پێی وایە بەدەستهێنانی ویلایەتی دووەم تەنها ئارەزوویەکی کەسی نییە، بەڵکو شایستەیەکی هەڵبژاردنه، چونکە کوتلەی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” (الإعمار والتنمية) کە سەرۆکایەتی دەکات، زۆرترین دەنگی لە شەشەمین هەڵبژاردن بەدەستهێناوە.

سوودانی رایگەیاند کە لە هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیدا ئەنجامەکان نەبوونەتە بڕیاردەر و حوکمڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت و گوتی: “ئەمڕۆ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەشێکی سەرەکییە لە پێکهاتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و دوێنێش چوارچێوەکە کۆبووەوە و بڕیاری دا بە پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی.”

گوتی: “چوارچێوەکە دەست دەکات بە گفتوگۆ لەگەڵ کوتلە سیاسییەکانی تر بۆ دامەزراندنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی سەرۆکایەتییەکان، ئەمەش ئەو رێڕەوەیە کە ئێمە باوەڕمان پێیەتی.”

سوودانی درێژەی بە قسەکانیدا: “سەبارەت بە پرسی ویلایەتی دووەم، ئەوە تەنها ئارەزوویەکی کەسی نییە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیەی کە دەستمان پێکردووە و ئەو دەستکەوتەی لەسەر زەوی بەدیهات، هەروەها بردنەوەیەکی شایستەیە بۆ ئەو کوتلەیەی کە پلەی یەکەمی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنا کە کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە، لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەش کە بۆ قۆناغی داهاتوو لەبەردەستماندایە.”

لەبارەی کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سوودانی ئاماژەی بەوەدا کە “هەموو هێزە سیاسییەکان پەرۆشن بۆ پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان و ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە بەو شێوەیەی کە رووی دا لە کەشێکی ئارام و جێگیر و بە شێوەیەکی روون و بێ کێشە و تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی سوور لەسەریان نییە کە ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا کە ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەت لە خێراترین کاتدا.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وڵامی ترەمپ دەداتەوە

یاسین

غازی حه‌سه‌ن بۆ زاگرۆس: ئەمەریکا هێزەکانی لە (عەین ئەسەد) بەرەو هەولێر دەکشێنتەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە

یاسین

چوارچێوەی هەماهەنگی هیوای بە گۆڕانی هەڵوێستی تڕەمپ هەیە بەرامبەر بە “ڤیتۆ”ی سەر مالیکی

یاسین