ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـ11-2025، دادگای تاوانەکانی ناوەندی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سەپاند.
دادگای تاوانەکانی ناوەندی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “سزای لەسێدارەدان بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی کشتوکاڵی بەغدا سەپێندرا.”
ئاماژەی بەوەشداوە، “ئەو سزادراوە دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، لەگەڵ گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتابووە سەر بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بەغدا و ئەو بەرپرسەی لە جێگەکەی دانرابوو، دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بووەتە پێکدادان، کە لە ئەنجامدا کارمەندێک و هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژران یەکێکی دیکەش بریندار بوو.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو سزایە بە پێی ماددەی چواری/1 و ماددەی 2/1/3/5 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دەرچووە.
لە 27ـ7-2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، “لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە و دواتر پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.”
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، هێزە ئەمنییەکان 14 لەو چەکدارانەیان دەستگیرکرد کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە.
هەواڵی داهاتوو

