محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە لەو کاتەوەی دەستبەکاربووە هەوڵی داوە “دۆستایەتیگەلێک” دروست بکات کە خزمەت بە وڵات بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو لێدوانەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی عێراقەوە دابووی.
سوودانی لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی “ئێکس” نووسیویەتی: “لەو کاتەوەی بەرپرسیارێتیم وەرگرتووە، هەوڵم داوە دۆستایەتیگەلێک دروست بکەم خزمەت بە عێراق بکەن.”
گوتی: “لە سەرەتاوە تێگەیشتم کە پەیوەندییەکانی دۆستایەتی، نەک دوژمنایەتی، ئەوانەن کە سەقامگیری، گەشە، و بوژانەوەی وڵاتەکەمان مسۆگەر دەکەن.”
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کۆتایی کۆبوونەوەیەکی درێژی ئیدارەی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە، عێراق بووەتە وڵاتێکی تەواو جیاواز، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشتر بووە، و گوتیشی: “سەرۆک وەزیرانی عێراق منیان بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید کردووە.”
ئاماژەی بەوەشدا کە پێشتر تاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێرەشێوێن بووە و گوشاری خستووەتە سەر عێراق، و بۆ ماوەیەکی درێژ کۆنترۆڵی ناوچەکەی کردووە، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی چەکی ئەتۆمییان وێران کردووین، ئیتر بەو شێوەیە نییە.

