ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ ئامادەکارییەکانی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان ڕاگەیاند.
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران به ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “ئەمیندارییەتی گشتی لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی ئێمە و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێکدەهێنێت، بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و مەراسیمی سوێندخواردنی یاسایی.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە “عامر فایز” وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات.
گەرگەری گوتی: رێنمایی دراوە بە بەڕێوەبەر و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییە لۆجستییەکان و لیژنە باڵاکە هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە بۆ تەواوکردنی هەموو ئامادەکارییەکان.
راشیگەیاند: هەموو بەشەکانی وەک راگەیاندن، پەیوەندییەکان، دەنگ، بەشی پەرلەمانی و لایەنی ئەمنی لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن.
لەلایەکی دیکەوه هەر ئەمڕۆ عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی وەک وادەی بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دیارکرد.
لە مەرسوومێکی کۆماریدا هاتووە: “داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بۆ خولی شەشەم دەکرێت کە رۆژی دووشەممە، رێککەوتی 29ـی کانوونی یەکەم، کۆببێتەوە.” هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم مەرسوومە لە رێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە.

