عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، دەڵێت گەیشتوونەتە “رێگەیەکی نیمچە داخراو”. لە کاتێکدا جەختی کردەوە کە هەموو هێزە شیعەکان “ناسنامەی کاندیدی دیار” بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت دەناسن، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرگرتنی ئەم پۆستە تەنها “بە رەزامەندی ئەمریکا” دەبێت.
جەزائیری بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو تەنها بە رەزامەندی ئەمریکا دەبێت، هێزە سیاسییە شیعەکانیش گەیشتوونەتە ڕێگەیەکی نیمچە داخراو سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی حکومەت، چونکە هیچ کام لەو کاندیدانەی ناویان بۆ کێبڕکێ لەسەر پۆستەکە پێشنیار کراوە، کۆدەنگییان لەسەر نییە.”
هەروەها وتیشی: “ئەگەر کۆدەنگییەکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر یەکێکیان دروست بێت -مەبەستی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووە- ئەوا بێگومان تووشی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەتەکەی دەکات، چونکە هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نوێکردنەوەی ویلایەتی دووەم بۆ سوودانی ڕەتدەکەنەوە، لەوانەش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەنجومەنی باڵا.”
لە کاتێکدا جەزائیری بە ڕاشکاوی ناوی کاندیدە چاوەڕوانکراوەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام جەختی کردەوە کە “هەموو هێزە شیعەکان ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەزانن”، و زیادی کرد: “تەنانەت ئەگەر بەرەو حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیش بڕۆین، کارەکان دەگەنە بنبەست، ئەمەش وا دەخوازێت کەسایەتییەکی سیاسی هەڵبژێردرێت کە قبوڵکراوی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی هەبێت.”

