zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆ وێستگەی گەڕۆکی بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ ڕەوەندی عێراقی لە پێنج وڵات دادەنرێت

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە وێستگەی گەڕۆکی تایبەت بە دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ رەوەندی عێراقی لە پێنج وڵات نێردراوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە رەوەندی عێراقی تۆمار کراون.

لیوا ئەحمەد مەعمووری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و زانیارییە شارستانییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ راگەیاند: “سیستەمی زانیارییە شارستانییەکان دەستی کردووە بە کردنەوەی تۆمارکردنی ناوەندی بۆ ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی کە فەرمانگەکانی باری شارستانییان لە دەرەوەی ئەو پارێزگایانەیە کە لێی نیشتەجێن، بەمەبەستی دەرکردنی کارتی نیشتمانیی.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “کردنەوەی ناوەندەکانی تۆمارکردنی ناوەندی زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگە دەستی پێکردووە، بە دیاریکراوی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ژمارەی بەشەکانی تۆمارکردن لە سەرتاسەری پارێزگاکان گەیشتووەتە ٢٠ بەش. ئەم پرۆسەیە رێگە بەو هاوڵاتییانە دەدات کە شوێنی تۆمارکردنیان لە دەرەوەی پارێزگای نیشتەجێبوونیانە، مامەڵەکانیان رایی بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی رێنماییەکانی وەزیری ناوخۆیە بۆ ئاسانکاری لە رێکارەکان بۆ هاوڵاتییان.”

سەبارەت بە دەرکردنی کارت بۆ رەوەندی عێراقی، مەعمووری گوتی: “کارنامەی حکومەت کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە دانراوە و لەڕێگەی رێنماییە ناوەندییەکانی وەزیری ناوخۆوە جێبەجێ دەکرێت، جەخت لەسەر پێویستی پێدانی کارتی نیشتمانی بە هاوڵاتیانی عێراقی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکاتەوە، بەهۆی ئەو گرنگییە زۆرەی کە کارتەکە هەیەتی بۆ مامەڵە رۆژانەکانی هاوڵاتی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.”

هەروەها گوتی: “ئەم خزمەتگوزارییە گەیشتووەتە رەوەندی عێراقی لە دەرەوەی وڵات، تا ئێستا لە هەشت وڵات سیستەمی کارتی نیشتمانی کارا کراوە، کە بریتین لە: لەندەن، عەممان، ئەنقەرە، ئەبوزەبی، دیترۆیت، تاران و قاهیرە. زیاتر لە ٥٠ هەزار هاوڵاتی عێراقی لەم وڵاتانە تۆمار کراون.”

باسی لەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکە وێستگەی گەڕۆکی ناردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە تا ئێستا رێککەوتن نەکراوە بۆ دامەزراندنی سیستەمی هەمیشەیی تێیاندا، کە بریتین لە: ئیستانبوڵ، مەدرید، دەوحە، بیلاڕووس و مەسقەت. لەڕێگەی ئەم وێستگانەوە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی عێراقی تۆمار کراون.

سەبارەت بە دەرکردنی کارت لە نەینەوا، ڕوونی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردووە بۆ خێراکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی هاوڵاتیانی پارێزگاکە، بەهۆی ئەو دواکەوتنەی کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی رابردووی پارێزگاکەوە دروست ببوو.

ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکەم فەرمانگەی کارتی نیشتمانی لە نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٩ کرایەوە و دوایین فەرمانگەش لە ساڵی ٢٠٢٣ بوو. ژمارەی هاوڵاتیانی تۆمارکراو لە سەرتاسەری پارێزگاکە چوار ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، کە ٢٦٠ هەزار و ٥٦٤ کەسیان لە ڕێگەی ئەو هەڵمەتە تایبەتانەوە بووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەنجامی داون.

هەواڵی پەیوەندیدار

هه‌ولێر.. دەست بە پاككردنەوەی کۆڕنیش و کەند و ڕێڕەوە سروشتیەکانی ئاوی باران كرا

سەڵاح

ئەمریکا باجی سەر کاڵاکانی کۆریای باشوور بۆ ٢٥٪ بەرز دەکاتەوە

یاسین

لوفت‌هانزا گەشتەکانی بۆ تاران تا کۆتاییی ئازار هەڵپەسارد

یاسین