فەریق روکنی یەکەم قەیس ئەلمەحمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە رێژەی دزەکردن بە سنوورەکانی عێراقدا گەیشتووەتە سفر. ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵی ٢٠٢٦ پرۆسەی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانی دیکه بە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت.
مەحمەداوی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “ساڵی ٢٠٢٥ بە سەرکەوتنی ئەمنی ناوازە جیاکرایەوە، ئەوەش بەپێی رێنمایییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، چونکە هێزە ئەمنییەکانمان لەم ساڵەدا ئەنجامی ستراتیژی گرنگیان بەدەستهێناوە.
وتیشی: “کردەوەی تیرۆریستان لەم ساڵەدا کەم و بێهیوا بوون؛ (ئەبو خەدیجە) والی داعش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و ئاژانسی هەواڵگرییەوە لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە تیرۆریستان کوژران. کارێکی گەورە کرا بۆ لەناوبردنی سەرکردە باڵاکانی داعش.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵبژاردنەکان یەکێک بوون لە گرنگترین دەستکەوتە ئەمنییەکانی ئەمساڵ.
باسی لەوەش کرد: “رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە و ئێستا هیچ ئەندامێکی هاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا نەماون.” ئاماژەی بەوەش کرد کە بنکەی عەین ئەلئەسەد رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێت، لە دوای ئەوەش رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و فەڕەنسا دەبێت بۆ پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکان.
دووپاتیشی کردەوە: “رێژەی دزەکردن لە سنوورەکان گەیشتووەتە سفر و سنوورەکان بە تەواوی پارێزراون. ساڵی ٢٠٢٥ شایەدی پەرەسەندنی هاوکاری بوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها تەواوکردنی توندوتۆڵکردنی سنووری سووریا و تورکیا. ٦١٥ کیلۆمەتر سنوور لەگەڵ سووریا بە کامێرا، هێزی مرۆیی و درۆن دابینکراوە، هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانیش پەرەی پێدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ڕێگەی کارێکی هەواڵگری لەگەڵ لایەنی سووریا، توانراوە چەند ئامانجێک لەناو خاکی سووریا دەستگیربکرێن و ئێستا لەلای ئەوانن و سوود لە زانیارییەکانیان وەرگیراوە.
سەبارەت بە پلانی داهاتوو، وتی: ” ئێستا ٦ پارێزگا و ناوچەی سامەڕا لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆدان و ساڵی داهاتوو ئەمە بۆ باقی پارێزگاکانی تریش تەواو دەکرێت، هەروەها خاڵە پشکنینەکان و دیاردەی سەربازی لە ناو شارەکان کەم دەکرێنەوە.”
سەبارەت بە کەمپی هۆل، گوتی: “گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی؛ ئەمساڵ 15 وەجبەی خێزانەکان وەرگیراونەتەوە (٢٩٥٤ خێزان)، بەمەش کۆی گشتی بووە ٣٢ وەجبە. هەروەها ٣٢٤٤ دەستگیرکراو هەن کە ٢٠ ژنیان تێدایە و هەندێکیان تۆمەتبارن بە تاوانی سپایکەر.”
لەبارەی دۆسیەی پەکەکە، مەحمەداوی روونیکردەوە: “هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا هەیە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حزبە بەپێی دیدگایەکی روون و داهاتووخوازانەیە. لە مەخموور بەتەواوی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە کراوە و پرۆسەی داماڵینی چەک دەستیپێکردووە.”

