دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار دا و بڕیاریدا بە قبووڵکردنی ٤ کاندید و دوورخستنەوەی ٢٤ کاندیدی دیکە.
راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دادگای باڵای فیدراڵی لە دوو دانیشتنیدا کە لە ڕێکەوتی ١٩ و ٢٠/١/٢٠٢٦ بەڕێوەچوون، بڕیاری لەسەر ٢٨ تانە دا کە لەلایەن ئەو کەسانەوە پێشکەش کرابوون کە ناوەکانیان لە لیستی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماردا نەبوو.
دادگا پشتگیری لە دوورخستنەوەی ٢٤ تانەدەری کرد و بڕیاری دا کە دوورخستنەوەی چوار کەسیان نادروست بووە، ئەوانیش بریتین لە: خالید سدیق عەزیز محەمەد، ئازاد مەجید حەسەن، رافع عەبدوڵڵا حەمید مووسا و سالم حەواس عەلی.
دادگا ئەنجومەنی نوێنەرانی پابەند کرد بەوەی ناوەکانیان بخاتە نێو لیستی ئەو کاندیدانەی پۆستی سەرۆک کۆمار کە مەرجەکانی خۆپاڵاوتنیان تێدایە.

