zagros news agency

چوارچێوەی هەماهەنگی هیوای بە گۆڕانی هەڵوێستی تڕەمپ هەیە بەرامبەر بە “ڤیتۆ”ی سەر مالیکی

چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هێزە سیاسییەکانی شیعە لەخۆدەگرێت، پشت بە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەستێت بەرامبەر بە کاندیدی چوارچێوەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت (نوری مالیکی)، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە هەرێمییەکان و هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.
نەسیم عەبدوڵا، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پارتی “ئیقتیدار”، بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: “هێزە سیاسییەکان درک بە قەبارەی ئەو تەحەددییانە دەکەن کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت، بۆیە کار دەکەن بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە و خۆلادان لە هەر پەرچەکردارێکی پێچەوانە، و لەسەر ئەم بنەمایەش هەموو بژاردەکان کراوەن.”
عەبدوڵا ئەوەشی بە دوور نەزانی کە واشنتن هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت، نوری مالیکی، بگۆڕێت، ئەگەر لێکتێگەیشتنێک بێتە ئاراوە کە مافەکانی پێکهاتەکە بپارێزێت و وڵات و ناوچەکە لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی دووربخاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانی “تەسیم” کە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “هێزەکانی چوارچێوە پێیان وایە پرسی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن نوری مالیکی کاندیدی چوارچێوەکە، کۆدەنگی لایەن و پێکهاتەکانی ماڵی شیعەی لەسەرە، بەڵام ئەمە بەستراوەتەوە بە ڕاگەیاندنی کاندیدی سەرۆک کۆمار و دەنگدان لەسەری لەناو پەرلەمان، دواتر کاندیدی چوارچێوە ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە ڕێکەوتی ڕاسپاردنییەوە.”
بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە بڕیارە سبەینێ یەکشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆسیەی سەرۆکایەتی وەزیران یەک بخات لەژێر ڕۆشنایی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا بەرامبەر کاندیدکردنی نوری مالیکی، هەروەها گەڕان بەدوای بژاردەی سیاسیدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاڵۆزییانە و دەستەبەرکردنی بەردەوامی پڕۆسەی سیاسی.
لەلایەکی دیکەوە، نوری مالیکی ڕێبەری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ شەممە دووپاتی کردەوە کە سوورە لەسەر کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە حکومەتی داهاتوودا، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەمریکا، و جەختی کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ئیرادەی گەل و دامەزراوە دەستوورییەکانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرشەلۆنە یەکەم هەنگاوی دەنێت بۆ گواستنەوەی ئیساکی

یاسین

زیاتر له‌ 630 هه‌زار ئاواره‌ی عێراقی له‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌وێندراونه‌ته‌وه‌

سەڵاح

ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 4

hakar herki