ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند کە دەستکراوە بە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٣٨٧ چەکداری گرووپی تیرۆریستی داعش، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ناو خاکی سووریاوە ڕادەستی عێراق کراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەدا هاتووە: “دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم، دەستی کردووە بە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٣٨٧ چەکداری گرووپی تیرۆریستی داعش کە لەم دواییانەدا لە دەستبەسەرکراوانی ناو خاکی سووریا وەرگیراونەتەوە. ئەم لێکۆڵینەوانە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لەلایەن ژمارەیەک دادوەری پسپۆڕ لە بواری دژەتیرۆردا ئەنجام دەدرێن.”
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە: “ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگیراوان لە چوارچێوەی یاسایی و مرۆییە پەسەندکراوەکاندا دەبێت، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا نیشتمانییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.”
خاڵە سەرەکییەکانی تری ڕاگەیەندراوەکە:
• ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقدایە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و سزادانی تێوەگلاوان لە تاوانەکانی داعش بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.
• هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی چەکدارانی داعش و ئەو تاوانانەی کە دەگەنە ئاستی کۆمەڵکوژی (جینۆساید) و تاوان دژی مرۆڤایەتی.
• پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە بگاتە زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس.
• سەنتەری نیشتمانی بۆ هەماهەنگی دادوەری نێودەوڵەتی کار دەکات بۆ بەدۆکیومێنتکردن و دابینکردنی بەڵگەنامە و بەڵگە ئەرشیفکراوەکان بۆ لایەنەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاکان.

