ڕۆژی شەممە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای لە جێرارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی کۆماری نەمسا کرد، هێڵی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەغدا و ڤیێنا بکاتەوە.
ئەم داوایە لە میانی دیدارێکی فوئاد حوسێن و وەزیری ناوخۆی نەمسا و وەفدی هاوڕێی هات، کە لە پەراوێزی کارەکانی ٦٢ـەمین خولی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزیری دەرەوە “ستایشی پەرەسەندنە ئەرێنییەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستی کرد، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆچ و تاوانی ڕێکخراو، هەروەها جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش کردەوە.”
فوئاد حوسێن داوای “کردنەوەی هێڵی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەغدا و ڤیێنا کرد، بە لەبەرچاوگرتنی باشبوونی بەرچاوی دۆخی ئەمنیی عێراق، ئەمەش بە مەبەستی بووژاندنەوەی جووڵەی هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی ئابووری و گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.”
لەلایەن خۆیەوە، جێرارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا “خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاستی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەمسا دەربڕی و پێشوازی لە بانگهێشتی وەزیری دەرەوە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی پەیوەندیدار، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی دووقۆڵی لە بوارە جیاجیاکانی جێی بایەخی هەردوولا.”
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا باس لە “پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا، لەوانەش ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەپێی شایستە دەستوورییەکان، جگە لە بارودۆخی گشتیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا.”
هەواڵی پێشوو

