زوحی بەهادلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی (نەهجی وەتەنی)، ئاشکرای کرد کە هەوڵێکی پەرلەمانی هەیە بۆ بانگهێشتکردنی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری لە نەختینە و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی.
بەهادلی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “ئامانج لەم بانگهێشتکردنە ئاگادارکردنەوەی وردی پەرلەمانتارانە لە هۆکارەکانی تذبذب (ناسەقامگیری) لە نەختینەی دارایی و میکانیزمەکانی چارەسەر، هەروەها زانینی ئاستی کارایی سیاسەتی نەختینەیی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکانی ئێستادا.” ئاماژەی بەوەش کرد کە دەخوازن دڵنیایی بدەن لەوەی هیچ قەیرانێکی دارایی ڕەنگدانەوەی نەبێت و کار نەکاتە سەر مووچەی فەرمانبەران یان پابەندییە داراییەکانی دەوڵەت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هەروەها بۆ ئاگاداربوونە لەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر بۆ دڵنیابوون لە جێگیربوونی بازاڕ و پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان،” ڕوونیشی کردەوە کە “ژوان و کاتی بانگهێشتکردنەکە دواتر لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاری دەکرێت.”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجومەنی نوێنەران بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕۆڵی چاودێری خۆی دەگێڕێت و سوور دەبن لەسەر شەفافیەتی تەواو بۆ دڵنیاکردنەوەی شەقامی عێراقی سەبارەت بە دۆخی دارایی و نەختینەیی.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ یەکشەممە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کردبوو کە قەیرانی نەختینەی دارایی لە عێراق قووڵتر بووەتەوە، و جەختیان کردەوە کە سەرچاوە بەردەستەکان چیتر بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ناکەن بۆ ماوەی داهاتوو.

