نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ ڕەتی کردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کشاندبێتەوە.
هشام ڕیکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیای (X) کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: “لە سۆنگەی ئەو کەمپەینە میدیاییە چەواشەکارانەیەی کە بانگەشەی کشانەوەی کاندیدکردنی مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و هێنانە پێشەوەی ناوی جێگرەوە دەکەن، جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە”.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: “چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆی، و هەوڵەکانی تێکدانی ڕای گشتی سەرکەوتوو نابن”.

