سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی عێراق توانیویەتی بەرپەرچی حەوت درۆن بداتەوە کە هەوڵیان دابوو لە ناوەندی پاڵپشتی لۆجستی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد نزیک ببنەوە.
درۆنەکان هەوڵیان دابوو بنکەی پاڵپشتی لۆجستی لە ناو سنووری بنکەی (ڤیکتۆری پێشوو) لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغداد بکەنە ئامانج.
بەرگرییە ئاسمانییەکان پێش گەیشتنی درۆنەکان بە ئامانجەکەیان، توانییان هەموویان تێکبشکێنن.
مەفرەزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی کەرخ و دەوروبەری فڕۆکەخانە کەوتوونەتە گەڕان، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتووە کە هەندێک پاشماوەی تێکشکاوی درۆنەکان لە ناو شەقام و ماڵەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
ئەمە دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا؛ دوێنێ سێشەممەش سێ درۆنی تر لە هەمان ناوچە تێکشکێندران و یەکێکی تریشیان لە ناو سنووری بنکەکەدا کەوتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.

