لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە وردی تاوتوێی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی دوایین چەند ڕۆژی کرد و ئەم هەڵوێستانەی خوارەوەی ڕاگەیاند:
حکومەتی عێراق بە توندی ئەو هێرشانەی ڕەتکردەوە کە کرانە سەر بارەگاکانی هێزە ئەمنییەکان و بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەر هێرشێکی بۆ سەر باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان بە “کردەوەی تیرۆریستی” وەسف کرد، کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ناوبانگی عێراقە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ هەموو پێکهاتە ئەمنییەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە و پاراستنی ئارامیی وڵات.
حکومەتی عێراق پابەندیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و ڕادەستکردنیان بە دادگا، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە دامەزراوە حیاتییەکان دەکەنە ئامانج.

