محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ بانگهێشتکردنی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بۆ ڕادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی و توند دوای ڕووداوی بۆردومانکردنی بنکەی تەندروستی سەربازی حەبانییە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەباح ئەلنەعمان، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە: “سەرەڕای هەموو هەوڵە سیاسی و کردارییەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێی ناوچەکە، و هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی حکومەت بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری، هێرشە شەرمەزارکراوەکان بۆ سەر هێزە سەربازییەکانمان بەردەوامن، کە دوایینیان ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایە بوو کە بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەی تەندروستی سەربازی حەبانییە سەر بە وەزارەتی بەرگری، و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی سوپای عێراق.”
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: جەختکرایەوە کە حکومەت و هێزە چەکدارەکان مافی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان هەیە بەپێی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، و لە ئاست خوێنی شەهیدان بێدەنگ نابن.
له راگەیەندراوەکەدا ئەم هێرشە وەک “تاوانێکی تەواو” وەسف کراوە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان گەلی عێراق و ئەمریکا دەگەیەنێت.
بڕیاردراوە سکاڵایەکی فەرمی بە بەڵگە و وردەکارییەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆ چەسپاندنی مافی عێراق و گەلەکەی بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانە.
راگەیەندراوەکه دەڵێت: سەرۆک وەزیران وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە یاداشتێکی ناڕەزایەتی توند ڕادەستی لایەنی ئەمریکی بکات کە گوزارشت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بکات بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی.
هەواڵی پێشوو

